نرخی کارەبای مۆلیدە گران بوو

نرخی كارەبای مۆلیدە لەلایەن بەرێوەبەرایتی ورشەی مەركەزی لەبەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی گران بوو و مۆلیدەكان لەماوەی 24 كاتژمێردا 8 كاتژمێر كارەبا بە هاوڵاتیان دەدەن.

لەمبارەیەوە بەرزان ئەحمەد بەڕێوەبەری وەرشەی مەرکەزی لەبەرێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، بەرنامەی کارەبا بۆ مانگی تەمموز دیاریکراوەو بەگوێرەی ئەو خشتەیەش ھەشت کاتژمێر کارەبای مۆلیدە دەدرێت بەھاوڵاتیان.

ئەوەشی ئاشکراکرد، ھەشت کاتژمێر کارەبای مۆلیدەو ١٦ کاتژمێریش کارەبای نیشتمانی بەھاوڵاتیان دەدرێت، لەبەرامبەر ھەر ئەمپێرێکیش کارەبای مۆلیدە ١٠ ھەزار دینار لەھاوڵاتیان وەردەگیرێت.

لەبارەی خشتەی کارکردنی مۆلیدەکانیشەوە، بەرزان ئەحمەد وتی:"کارکردنی مۆلیدەکان لەکاتژمێر یەکی پاشنیوەڕۆوە دەستپێدەکات بۆ کاتژمێر پێنجی بەیانی، واتە لەو ماوەیەدا ھەرکات کارەبای نیشتمانی بڕا، مۆلیدەکان کارەبا بەھاوڵاتیان دەدەن".

بەڕێوەبەری وەرشەی مەرکەزی ئەوەشی ئاشکراکرد، ئەو خشتەیەی ئێستا دیاریکراوە، لەجەژندا گۆڕانکاری بەسەردادێت بەھۆی تەواوبوونی مانگی ڕەمەزانەوە.




PM:03:10:06/07/2015