ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی پارتی وه‌ڵامی لێدوانێکی سه‌عدی پیره ده‌داته‌وه‌و ده‌ڵێت: یه‌کێتی له‌هه‌موو بڕیارێک له‌گه‌ڵ ئێمه به‌شدارو ئه‌وان که له‌ناوخۆیدا گرفتیان هه‌یه‌و ئاگایان له‌یه‌ک نییه ئه‌وه کێشه‌ی ئێمه نییه.
دڵشاد شه‌هاب ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پارتی، ره‌خنه له دوالێدوانی (سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره)ی ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتی ده‌گرێت و رایده‌گه‌یه‌نێ : دوای 10 ساڵ پێكه‌وه كاركردن له حكوومه‌تی هاوبه‌شدا قسه‌كانی كاك (سه‌عدی) جێگای سه‌رسوڕمانن. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، ئه‌و بۆچوونانه‌یشی كه ده‌رباره‌ی پرسه سیاسی و ئابووری و ئه‌منییه‌كانن خۆ شه‌ریكی ئه‌ساسی تێیدا یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بووه و، هه‌میشه‌یش ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌یان به ده‌ستكه‌وتی هه‌موو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان زانیوه.
(دڵشاد شه‌هاب) ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، تایبه‌ت به KDP.infoی ڕاگه‌یاند: "ده‌رباره‌ی بریاری سیاسی، هه‌موولایه‌ك ئه‌وه ده‌زانن كه بریاره چاره‌نووسسازه‌كان له هه‌رێمی كوردستان، (جه‌نابی سه‌رۆك) به‌تایبه‌تی له رابردوودا له هه‌موو پرسه چاره‌نووسسازه‌كان پرس و رای له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌بووه و، هه‌ندێكی به‌پێی یاسا ده‌سته‌ڵاتی خۆیه‌تی وه‌كو سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له بریاردان و مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌تایبه‌تی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له پرسه چاره‌نووسسازه‌كاندا هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان شاهیدن كه چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان ساز داوه، دواكۆبوونه‌وه‌ش ئه‌وه‌بوو كه پێش چوونی به‌رێزیان(سه‌رۆك بارزانی) بۆ ئه‌مه‌ریكا، كۆی لایه‌نه‌كانی له ئه‌و پرسانه‌ی په‌یوه‌ندییان به چاره‌نووسی هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌بووه یان پرسی سیاسیی گرینگ بووبن ئاگادار كردووه‌ته‌وه. هه‌موو خه‌ڵك ده‌زانن و له‌به‌رچاوی راگه‌یاندنه‌كانیش روون بووه كه جه‌نابی (سه‌رۆكی هه‌رێم) پرس و رای له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كان هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كاك (سه‌عدی) گرفتی ئاماده‌بوون و دابه‌شبوونی ناو یه‌كێتی هه‌بێت له‌وه‌ی كه‌وا خۆیان وه‌كو یه‌ك تیم ئاگاداری پرسه‌كان نه‌بن، به راستی ئه‌وه گرفتی ئێمه نییه.''
ده‌رباره‌ی مه‌له‌فی ئابوورییش (دڵشاد شه‌هاب) وه‌ها وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت، ''پێم سه‌یره حزبێك له ساڵی 2005ه‌وه، كه زیاتر له هه‌شت ساڵ ده‌بێ له سێ كابینه‌ی یه‌ك له دوای یه‌كدا به‌شدار بووبێ و پۆستی گرینگ و باڵای له هه‌رسێ كابینه‌كه هه‌بووبێت كه‌چی وه‌ها لێدوانێك بدات؛ ئاخر چه‌ند جارێك كاك (عیماد ئه‌حمه‌د) كه جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت بووه ئه‌وه‌ی راگه‌یاندووه: كه ئه‌وان له ورده‌كاریی پرسی نه‌وت ئاگادارن، ئێستایش كه كاك (قوباد تاڵه‌بانی) جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ته به هه‌مان شێوه‌یه، هه‌ر بۆ بیرخستنه‌وه‌ش دوامه‌له‌فی ئابووری كه له هه‌رێمی كوردستاندا له ڕۆژه‌ڤدایه بابه‌تی قه‌رز وه‌رگرتنه، من ئاگادارم كه ئه‌م مه‌له‌فه‌ش به ته‌واوی له‌لایه‌ن جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌وه كه (قوباد تاڵه‌بانی)یه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت، ڕوونه كه جێگری سه‌رۆكوه‌زیران هاوكات ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی باڵای نه‌وت و گازیشه كه پرسه گرینگه‌كانی ئابووری له‌وێدا بریاریان له‌باره‌وه ده‌درێت؛ بۆیه به‌لای ئێمه‌وه جێگای پرسیاره كه كاك (سه‌عدی پیره) ئه‌م پرسیاره‌ی له پارتی هه‌بێت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به دۆخی ناوخۆیی یه‌كێتی و ئاگادارنه‌بوون له یه‌كتری بێت، ئه‌وا كێشه‌ی ئێمه نییه و كێشه‌ی نێو خۆیانه.''
هه‌رچی پێوه‌ندی به بواری ئه‌منییشه‌وه هه‌یه (دڵشاد شه‌هاب) به ماڵپه‌ڕه‌که ده‌ڵێت: تا ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر وه‌زیری پێشمه‌رگه له یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان و كاك (شێخ جه‌عفه‌ر) بووه، ئێستایش وه‌كو پێشمه‌رگه‌یه‌ك و فه‌رمانده‌یه‌ك له بریاره‌كاندا به‌شداره و سه‌رپه‌رشتیی جه‌بهه‌یه‌كی به‌رفراوانی به‌رگری له كوردستان ده‌كات، به‌رپرسی ئاسایشی هه‌رێمیش كاك (د. خه‌سره‌و) بووه، بۆیه ئه‌م قسانه‌ی كاك (سه‌عدی) له ئێستادا جێگای سه‌رسورمانن، ئاخر دوای 10 ساڵ به‌یه‌كه‌وه كاركردن و به‌شداربوون له بریاره چاره‌نووسسازه‌كاندا كه هه‌میشه‌ش ته‌ئكیدی ئه‌وه‌مان كردووه‌ته‌وه، ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له و بوارانه‌دا به ده‌ست هاتوون به ده‌ستكه‌وتی هه‌موو حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌مان زانیوه، كه شه‌ریكی ئه‌ساسییش تێیدا یه‌كێتیی نیشتیمانی كوردستان بووه و، هیچ جارێكیش ئینكاری وجوود و ده‌وری یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان‌مان نه‌كردووه، به‌ڵام پرسیاره‌كانی كاك (سه‌عدی) بۆ راگه‌یاندن، له‌وه‌ی كه‌وا پرسیاریان له پارتی هه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ی خۆی باسی ده‌كات، به‌لای ئێمه‌وه جێگای سه‌رسورمانن!.