"جیاوازییەکانمان دەکەینە دەرفەتێک بۆ پێشکەوتنی دیموکراتی"

د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمان، و باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق ، گفتوگۆیان لە بارەی چەند پرسێکی گرنگی سیاسی و ئابوریی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت"دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حکومەتی عێراق ناچاربکات ئیلتیزاماتی خۆی بەرامبەر هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکات، چونکە ئێستا هەرێمی کوردستان بە قۆناغێکی سەختی ئابوریی و سیاسیدا تێدەپەڕێت.

لەبارەی پرسی ناوخۆییەک انیش، سەرۆکی پەرلەمان وتی "دەمانەوێت پرۆسەی دیموکراتی لەناوخۆدا گەشە پێبدەین، هەرچەندە جیاوازی لە بۆچوونی لایەنە سیاسییەکاندا هەبێت، بەڵام ئەو جیاوازییانە دەکەینە دەرفەتێک بۆ سەقامگیریی سیاسی و پێشکەوتنی ژیانی دیموکراتی."
باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق، لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتەکەی و هەرێمی کوردستان، وتی "ئیتاڵیا پێشەنگی ئەو وڵاتانەیە کە پشتیوانی هەرێمی کوردستان دەکات لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئێمە و ئێوە دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە، هەربۆیە بە گرنگییەوە لە پەیوەندییەکانمان دەڕوانین."

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، باڵوێزی ئیتاڵیا وتی "تەنها ڕێگەی یەکلایکردنەوەی کێشە و گرفتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق دیموکراسی و ڕێزگرتنە لە جیاوازییەکان. 

ئەمڕۆ، ٣ شەممە، ٧-٧-٢٠١٥  مارکو کارنیلوس، باڵوێزی ئیتاڵیا لە عێراق و کارمیلۆ فیکارا کونسوڵی ئیتاڵیا لە کوردستان، لەگەڵ د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمان کۆبوونەوە.




PM:01:52:07/07/2015