وەزارەتی دارایی روونکردنەوە لەسەر مووچە دەدات

دوای ئەوەی فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و چەند پەرلەمانتارێک گلەییان هەبوو کە بۆ مووچە بەکارت لە بانکی کوردستان بدرێت و ئەو بانکە سوود مەندبێت، وەزارەتی دارایی وەڵامی دایەوە.

 
لەو روونکردنەوەیەدا کە کۆپییەکی نێردراوە بۆ سپی، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان رای دەگەینێت، بە ئەلیكترۆنی كردنی سیستەمی دابەشكردنی مووچە هەنگاوێكە لە پرۆسە چاكسازیەكان كە دەستییان پێكردوە و لە پێناو رزگاربوون لە سیستەمە كلاسیەكە، بڕیاره‌كه‌ش هەموو مووچە خۆرانی كوردستان دەگرێتەوە.

 
 ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌:

رونکردنەوەیەک لەوەزارەتی دارایی و ئابورییەوە

سەبارەت بە نوسراومان ژمارە ٢٣٢ لە ٢٢/٦/2015 کە ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کراوە کە تایبەتە بە دابەشکردنی موچە لەڕێگەی بانکی کوردستانەوە، بە پێویستی دەزانیین ئەو بابەتە زیاتر روون بێتەوە بۆ فەرمانبەرانی وەزارەتی خوێندنی باڵا. بەهۆی ئەوەی بانکە حکومیەکان (هەتا ئیستا نەتوانراوە لە رێگای کیبڵی فایبەر ئۆبتیک ببەستین بەیەکەوە، وە سیستەمی کۆر بانکین نی یە لە بانکە حکومیەکان کە ئەو کارەی پێ ئەنجامبدەین) بەڵام لە ئێستادا خەریکی رێکخستن و چاکردنی ئەو بانکە حکومیانەیین، لەبەر ئەم هۆکارە ناچاربووین سوود لە بانکەکانی کەرتی تایبەت وەربگریین بۆ رێکخستنی سیستەمی موچە لە کوردستاندا و بە ئەلکترۆنیکردنی سەرجەمی داتای فەرمانبەران (لەگەڵ ئەوەی کە وەزارەتی پیشەسازی ماوەی سێ مانگە موچەی فەرمانبەرەکانیان لە رێگای سێ بانکی کەرتی تایبەتەوە دابەش دەکرێت و پرۆسەکە سەرکەوتنی بەخۆوەبینیوە)، بۆیە لە قوناغی دووەم وەزارەتی خویندنی باڵا دەست نیشان کرا،وە دوای ئەم وەزارەتە سەرجەم موچەخۆران بەو سیستمە موچەکانیان وەردەگرن لە رێگای بانکەکانی حکومەت و کەرتی تایبەت. وە ئامانجی ئەم پرۆسەیە:

١-ئاسانکارییە بۆ فەرمانبەر لەوەدا دەتوانێت لەهەر شارێکی کوردستان بێت موچەکەی وەربگرێت، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەتیان وەرگرتوە دەتوانن لەکاتی موچە لەهەر شوێنێک ئەو خزمەتگوزاریە هەبوو موچەکەی خۆی وەربگرێت. بەبێ ئەوەی پێویست بێت سەردانی فەرمانگەکەی خۆی بکاتەوە بۆ ئەو مەبەستە.

٢-دۆزینەوەی دوو موچەیی و ناوی وەهمی.

٣-سەبارەت بە خەرجی بانکی (عموله)، لە هەموو شوێنیکی دنیادا خزمەتگوزارییە بانکییەکان عمولەیان لێوەردەگیرێ . لەگەل ئەمەشدا،وەزارەتی دارایی لەبانگەوازەکەیدا بو گشت بانکەکانی کەرتی تایبەت کە داوای کردوە هەر بانکێک ئەتوانیت ئەم خزمەت گوزارییە پێشکەش بکات با پڕۆپۆزەڵی خۆی پێشکەش بکات بەمەرجێ یەکەی کارگێری ئەو بانکە لە کوردستان بێت.

٤- ئێمە دەمانەوێت کۆتایی بێنین بەو سیستەمە کلاسیکیەی بواری دابەشکردنی موچە کە ئێستا هەیە لە کوردستاندا.. لاشمان ڕونە کە کەسی واهەیە بەرژەوەندی لەگەل پاکردنەوەی لیستی موچەخۆران و بەداتابەیسکردنیاندا نیە.




PM:10:49:09/07/2015