یەكێتی: بۆ ئەوەی "31ی ئاب"ێكی تر دووپات نەبێتەوە لەگەڵ پارتی رێكەوتین

ئەندامێكی فراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی كوردستان دەڵێت: لە رێكەوتنی ستراتیژیدا پارتی زۆرترین سوودی وەرگرت‌و یەكێتی بۆ رێگەگرتن لە "31ی ئاب"ێكی دیكە لەگەڵ پارتی رێكەوتین.

پاش ئەوەی فەرحان جەوهەر، پەرلەمانتاری پارتی لە وتارێكدا دەنوسێت "ئەگەر یەکێتی ڕێککەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتی نەبوایە، ئەو حزبە قەبارەکەی ھەر ئەوەندەی حزبەکەی قادر عەزیزی دەمایەوە". ئەندامێكی پەرلەمانی یەكێتی وەڵامی دەداتەوە.

لەمبارەیەوە دلێر ماوەتی ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان بە "تۆڕی هەواڵی سلێمانی" راگەیاند: "ڕێکەوتننامەی
ستراتیژی نێوان یەکێتی و پارتی بەدیلی شەڕی ناوخۆ بوو، بۆ دروستنەبونەوەی ٣١ی ئابێکی تر لەگەڵ پارتی ڕێکەوتین".

ئەوەشی نەشاردەوە، ئەوان وەکو یەکێتی زۆرترین زیانیان بەرکەوت لەڕێکەوتننامەی ستراتیژیدا، "بەڵام بەپێچەوانەوە پارتی زۆرترین سودی وەرگرت".

ماوەتی ئەوەشی وت:"یەکێتی ئامادەیە خۆی بکات بەقوربانی میللەتەکەی، بۆیە بەس بۆ ئەوەی مەسەلەی کورد لەناونەچێت و ئاشتی بەرقەراربێت، ئامادەیی دەربڕی ڕێکەوتن لەگەڵ ھەرلایەنێکدا بکات کە پێویست بێت".

پەرلەمانتارەکەی یەکێتی لەپەرلەمانی کوردستان جەختدەکاتەوە، "یەکێتی ڕێکەوتنی لەگەڵ لایەنە کوردیەکاندا زۆر پێ باشترە نەک دوژمنانی کورد".




PM:02:21:11/07/2015