ئاسایش لەسەر گرتنی ئەندام مەڵبەندەكانی یەكێتی روونكردنەوە دەدات

لە روونكردنەوەیەكدا ئاسایشی دهۆك لەسەر دەستگیركردنی جێگری لیًپسراوی مەڵبەندی شەنگالی یەكێتی‌و ئەندامێكی دیكەی مەڵبەند دەڵێت ئەو كەسانە بە فەرمانی دادوەر دەستگیركرابوون.

دەقی ڕوونکردنەوەی ئاسایشی دهۆک

رەوشێکی پڕ ئاڵۆز و پشێوی لە دوو رۆژی رابردوودا کۆمەڵگاکانی بابیرێ و خەتارێ و گوندەکانی دەورووبەری گرتەوە و، رێژەیەک لە دانیشتووانی ئەم ناوچەیە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و تووشی ئازار و چەرمەسەریی زۆر بوون، ئەوەش بە هۆی تەقەیەکی زۆری کەسانێک لەو ناوچەیە و بڵاوکردنەوەی پرۆپاگەندەی ئەوەی کە تیرۆریستانی داعش لەم دەڤەرە نزیک بوونەتەوە، خەڵکی ئەم ناوچەیە کە بە هەزاران کەسن گەواهیدەری ئەو راستییەن چ دۆخێکی ئاڵۆز لە دەڤەرەکەیان خوڵقێندرا بوو. هێزەکانی ئاسایش خێرا گەیشتنە ناوچەکە و دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد و دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ئەو ئاڵۆزییە کرد و ئەوە بوو دوای لێکۆڵینەوە، لە سەر فەرمانی دادوەر چەند کەسێکیان بە گومانی دەست هەبوون لەو کێشەیە دەستگیر کرد، بەبێ ئەوەی بزانن ئەم کەسانە سەر بە چ لایەنێکی سیاسین، بەڵام دوای ئەوەی لە ئاستی سەرەوەی دامودەزگاکانی حکوومی پەیوەندی کرا، گیراوەکان دیسان بە فەرمانی دادوەر و بە کەفالەت ئازاد کراون. سەرباری ئەوەش دۆسیەی ئەم ڕووداوە هەر کراوەیە و لێکۆڵینەوە بەردەوامە، بەڵام ئەوەی ئاشکرایە خەڵکی دەڤەرەکە وەک شایەدحاڵی ڕووداوەکە ئەم کەسانە بە نانەوەی ئاژاوە تۆمەتبار دەکەن و دوای دەستگیرکرانیان زانراوە سەر بە یەکێتیی نیشتمانین.

هەر دوای ڕووداوەکە بەرێوبەری ئاسایشی تلکێف ڕوونکردنەوەی پێویستی دا، کەچی هەندێ دامودەزگای راگەیاندن و لایەنی سیاسی هەوڵیان دا ناوی دامودەزگای ئاسایش تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکەن، لە کاتێکدا هێزەکانمان بە ئەرکی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتیان هەستاون و ئەو پشێوییەی کە نرایەوەش ڕووداوێکی بچووکی سنووردار نەبووە بتوانرێ چاوپۆشیی لێ بکرێت، بۆیە جارێکی دیکەش رایدەگەیێنین کە، هەر لێکدانەوەیەکی دیکە بۆ ئەم ڕووداوە و بە سیاسیکردنی کێشەکە، بەلاڕێدا بردنی راستییەکانە و خزمەت بە چەسپاندنی ئارامی و ئاسایشی ناوچەکە ناکات.

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی دهۆک




PM:02:41:13/07/2015