مەریوان وریا قانع: ئیسلامی‌و عەلمانیەکان خەریکی نەڕەنه‌ڕ‌و قڕەقڕن

 نوسەری دیار‌و مامۆستای زانکۆ لەئەمیستەردام، مەریوان وریا قانیع پێی وایە ئەو دوو دوو دید هەیە لەنێوان ئیسلامی‌و عەلمانیەکاندا‌و هەردوکیشیان خەریکی نەڕە نەڕ‌و قڕەقڕن. 

لەنوسینێکیدا کەلەپێگەی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە مەریوان وریا قانع دەڵێت "ئەمڕۆ دووجۆر قیڕەقیڕ و نەڕەنەڕ لە دونیای ئێمەدا بە ئاشکرا دەبیستین، یەکەمیان ھی ئەو مەلا و خوێندەوار و ھێزە ئیسلامییانەیە کە عەلمانیەت وەک شتێکی گڵاو و قێزەون و بەدڕەوشت وێنادەکەن و لەشکرێک گەنجیان لەسەر ئەم ڕوانینە ترسناکە ڕاھێناوە و ئەوەیان لەمێشکدا چەسپاندون کە ئیسلام چارەسەری ھەموو کێشەکانە و دەرەوەی ئیسلامیش بیابانێکی فیکریی و ئەخلاقیی و سیاسیی کاکی بە کاکییە. دووھەمیان، بڕێک لەو خوێندەوار و ڕۆشنبیر و چالاکەوان و ناوەندە عەلمانیانەن کە بەسادەیەکی ترسناکەوە عەلمانیەت بە ھەموو دیاردە و دەسکەوت و بەھا گرنگ و ئینسانیی و یەکسانخواز و مافپەرستەکانی ناو دونیای مۆدێرن، یەکساندەکەن". 

هەر لەو نوسینەیەدا مەریوان ئاماژە بەوە دەکات هەردوو بۆچونەکە هەڵەن‌و دەڵێت "ئیسلامییکان ئیسلام بە چارەسەر دەزانن، ئەمانیش عەلمانیەت بە چارەسەر دەزانن. کەسێک ئاگاداری نووسینەکانی من لەسەر دین و عەلمانیەت و لەسەر پەیوەندیی ھەردووکیان بە دیموکراسیەتەوە بێت، ئەو ڕاستییە دەزانێت من نزیکەی بیست ساڵە بەگژ ئەم دوو دیدە ناڕاست و پەڕگیر و سادە و ترسناک و ھەڵە و پڕ ھەڵچوون و قیڕەقیڕەدا، ھەم بۆ ئیسلام و ھەم بۆ عەلمانەیت، دەچمەوە".




PM:07:04:21/07/2015