"ئەو ئیسلامیانەی هێرشدەکەنە سەر فاروق ئەگەر دەسەڵات بگرنەدەست چیدەکەن"

وتەبێژی پێشووی وەزارەتی ئەوقاف، مەریوان نەقشبەندی رایدەگەیەنێت " ئەو ئیسلامیانەی ئێستا ئەم هەموو جنێوە دەدەن و بەم شێوەیە هێرش و هەڕەشە لەفاروق رەفیق دەکەن ئەگەر بگەنە دەسەڵات و حكومڕانی خەڵكی ئەم وڵاتەیان بكەوێتە دەست چ كارەساتێك بەسەر خەڵكی ئازادیخوازی ئەم كوردستانە دێنن؟".

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ئەوقاف کە هاوکات کادیری پێشکەوتووی پارتییە لە وتارێکیدا بەناوی تاوانەکانی فاروق رەفیق باس لەوە دەکات تاوانی فاروق رەفیق تەنها ئەوەیە ڕا و بۆچونی خۆی دەربڕیوە لەسەر رۆڵی ئیسلامیەكانی كوردستان و كاریگەریان لەسەر كۆمەڵگەی كوردەواری و (حیجاب)ی ئافرەتانی بەجلوبەرگێكی سیاسی و نامۆ بەكلتوری كوردەواری وەسفكردوە.

ده‌قی وتاره‌که‌

ئەو هەموو جنێو و هەڕەشەیەی لەمیدیا ئیسلامیەكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەكرێتە سەر (د.فاروق رەفیق) لەسەر ئەوە نیە كە هانی گەنجەكانی كوردستانی دابێت تا بڕۆنە ناو داعش و گروپە تیرۆرستیەكان، "لەسەر سوكایەتیش بەپێشمەرگە قارەمانەكان و كەمایەتیە ئاینەكانی كوردستان نیە و لەسەر بەهەدەردان و دزینی سەروەت و سامانی كوردستان نیە و (ئۆتۆمبیلی درع) یشی نیە و كەناڵی ئاسمانی نیە تا لێی بپرسن خەرجیەكانت لەكوێ هێناوە، "سرودی (ئەی رەقیب)ـیشی بەحەرام نەزانیوە و لەسەر هاوسۆزی و جاسوسی و پاشكۆیەتی بۆ ئیخوانەكانی میسر و توركیا و بۆ سەلەفیەكانی سعودیە و شیعەكانی ئێران "نەكردوە".
 
پەرلەمانتاری بێ ئیش و موچە زەبەلاحیش نەبوە و خانشینی نایاسایی و بندیوار نیە، "بەشداری لەئەنفالی خەڵكی كوردستان نەكردوە و كەسیشی نەكوشتوە و رۆژێك لەرۆژان ئەندام و چەكداری هێز و گروپە توندڕەوەكان نەبوە.
 
"فاروق رەفیق هۆكاری تەنگژەی دارایی و ئابوری و سیاسی و خراپی ئەدای پەرلەمان و حكومەتی هەرێم نیە".
 
تاوانی فاروق رەفیق تەنها ئەوەیە ڕا و بۆچونی خۆی دەربڕیوە لەسەر رۆڵی ئیسلامیەكانی كوردستان و كاریگەریان لەسەر كۆمەڵگەی كوردەواری و (حیجاب)ی ئافرەتانی بەجلوبەرگێكی سیاسی و نامۆ بەكلتوری كوردەواری وەسفكردوە.
 
"فاروق رەفیق سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی بەباكگراوندی ئیسلامی وەسفكرد كە ئەمە سادەترین مافی ڕادەربڕینە".
 
باشە ئەو ئیسلامیانەی ئێستا ئەم هەموو جنێوە دەدەن و بەم شێوەیە هێرش و هەڕەشە دەكەنە سەر كەسێك كە ڕۆژێك لەڕۆژان لەگەڵ سەركردە و ئەندام و لایەنگرانی حزبەكانی خۆیان بەشداری خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی 17ی شوباتی كردوە، "ئەگەر بگەنە دەسەڵات و حكومڕانی خەڵكی ئەم وڵاتەیان بكەوێتە دەست چ كارەساتێك بەسەر خەڵكی ئازادیخوازی ئەم كوردستانە دێنن؟!



PM:07:05:22/07/2015