"بارزانی پێی گوتم ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی داعش و پەكەكە مافی خۆتانە"

سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا ئه‌حمه‌د دادو ئۆغلو سه‌باره‌ت به‌و په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فونییه‌ی نێوان خۆی و بارزانی ده‌ڵێت: "ئەمڕۆ بەڕێز بارزانی پێی گوتم ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی داعش و پەكەكە مافی خۆتانە، لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین ھەموو ھەماھەنگییەك لەگەڵ توركیا بكەین".

ئاژانسی ئه‌نادۆڵی تورکی به‌شی سۆرانییه‌که‌ی له‌میانه‌ی هه‌واڵێکدا له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فونه‌ییه‌ی نێوان داود ئۆغلو سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا و بارزانی ده‌ڵێت: بەیانی ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژ بە تیرۆر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی ھەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی ئەنجامدا و تێیدا دواین پێشھاتەكانی ئۆپەراسیۆنەكان تاوتوێ كراوە و بارزانی لە دژی تیرۆر ئامادەیی نیشان داوە بۆ ھەماھەنگی كردن لەگەڵ توركیا.

له‌و هه‌واڵی ئه‌و ئاژانسه‌دا که‌ سه‌ر به‌ده‌وڵه‌تی تورکیاوه‌ نزیکه‌ له‌ ئاکپارتی، ده‌ڵێت داود ئۆغلو وتی: سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو سەبارەت بە ھەڵوێستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لەمەڕ ئۆپەراسیۆنەكانی دژبە رێكخراوەكانی تیرۆریستی گوتی: "ئەمڕۆ بەڕێز بارزانی پێی گوتم ئۆپەراسیۆنەكانی توركیا دژی داعش و پەكەكە مافی خۆتانە، لەو چوارچێوەیەدا ئامادەین ھەموو ھەماھەنگییەك لەگەڵ توركیا بكەین".

هه‌ره‌وه‌ها ئاژانسه‌که‌ له‌زاری ئۆغلوه‌وه‌ ده‌ڵێت: سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بە داودئۆغڵو راگەیاندووە كە ئەوان درك بەوە دەكەن كە ئۆپەراسیۆنەكان لە بەرامبەر نەتەوە و مەزھەبێك نییە لەو بارەیەوە داودئۆغڵو گوتی: "ھەموو پێكھاتەكانی عێراق بە كورد و توركمان و عەرەب و بە ھەمان شێوە پێكھاتەكانی كورد و توركمان و عەرەب لە سووریا برای ئێمەن، ئۆپەراسیۆنەكان دژی نەتەوەیەك و نەژادێك نییە، من ئەوەم بە بەڕێز بارزانی گوت ئەویش لەبەرامبەردا رایگەیاند كە ئەوانیش دەزانن ئەو ئۆپەراسیۆنانە ھیچ پەیوەندییەكی بە پێكھاتەیەكی ئەتنیكی و مەزھەبی نییە. بارزانی دووپاتیشی كردووە كە ئەوان لە دژی تیرۆردا ھەموو كات ئامادەن ھەماھەنگی لەگەڵ توركیا بكەن ھەر وەكو پێشتریش ئامادەیی خۆیان نیشاندابوو كە ھاوكاری ھەموو جۆر ھەماھەنگێك بكەن".

له‌کاتێکدا که‌ میدیاکانی سه‌ر به‌پارتی دیموکراتی کوردستان و له‌نێویشیاندا رووداو سه‌باره‌ت به‌م په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فونیه‌ بڵاویان کرده‌وه‌" ئەحمەد داودئۆغڵو لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "باسی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەم بۆ بارزانی کرد کە تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق ئەنجامداوە" گوتی بارزانی داوای لێکردووە، کە کێشەکان بە ئاشتی چارەسەر بکرێت."



PM:03:12:25/07/2015