"یەکێتی‌و گۆڕان تا ئاستی یەکگرتن لەیەک نزیکدەبنەوە"

بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە بواری هەماهەنگی و پەیڕەوکردنی یەک سیاسەت و پێکەوە کارکردن تا ئاستی یەکگرتنەوە لەیەک نزیک دەبنەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی میدیای راگەیاند: رۆژ بەرۆژ هەماهەنگی نێوان یەکێتی و بزووتنەوەی گۆڕان زیاتر دەبێت و ناوبەناو ئەو لێکنزیکبوونەوەیە نهێنی زیاتری لێ ئاشکرا دەبێت.

بەپێی زانیاری ئەوە سەرچاوەیە، هەماهەنگی هەر دوو حیزب لەسەر ئاستی وەزیرەکانی نێو حکومەتی  هەرێم بەتەواوی هەستی پێدەکرێت. هەروەها لەسەر ئاستی پەرلەمانیش، لەپەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق هەماهەنگی و لێک نزیکبوونەوە بەرچاو هەیە، ئەوا لەسەر ئاستی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی و ئەنجومەنی پارێزگاکانی تریش هەر مەپرسە کە وەک "یەک حیزب کاردەکەن". 

سەبارەت بە ئاستی سەرکردایەتی نێوان هەردوو حیزب، سەرچاوەکەی سپی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پەیوەندییەکانی نێوان نەوشیروان مسەتەفاو ئەندامە دیارەکانی جڤات، لەگەڵ ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەتایبەتی باڵی دەسترۆشتی ناو یەکێتی رۆژ بەرۆژ لەپەرەسەندندایە. سەرچاوەکەی سپی بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەم زانیاریانە ئەو لێدوانەی ئەمڕۆی مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هێنایەوە کە ئاشکرای کرد لیژنەیەکی باڵا پێکهێنراوە بۆ نەهێشتنی کێشەکانی کۆنی نێوانیان و لەیەک نزیکبوونەوەی هەردوو لا.
 سەرچاوەکەی سپی بەدووری نەزانی ئەو دوو حیزبە لە ئاستی رێککەوتنی سیاسی و بوون بەدوو میحوەر لەیەک حیزب و تا بوونەوە بەیەک حیزب، ئەگەرێکی کراوەبێت، بەپێی بۆچوونی سەرچاوەکە" قاعیدەی گۆڕان رێگر دەبێت لەبەردەم هەنگاوەکانی نزیکبوونەوەی زیاتری نێوان هەردوولادا لە ئایندەدا، چونکە سەرەتای دروستبوونی گۆڕان پەیامێکی تری هەبوو".




PM:09:54:01/08/2015