"ئامادەكردنی راپۆرت لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم دژ بەسازان نییە"

بۆ ئامادەكردنی راپۆرتی كۆتایی لەسەر هەر چوار پڕۆژە یاساكانی تایبەت بە هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم، سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2015/8/3، لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی لیژنەكە كە لە شەش ئەندام پێكهاتبوون كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا، كە بەسەرپەرشتیی د.بەهار عەبدولڕەحمان جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی و گۆران ئازاد بڕیاردەری لیژنەكە بەڕێوەچوو، رەشنووسی راپۆرتی لیژنەی كاروباری یاسایی لەسەر هەر چوار پڕۆژە یاساكانی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005 بۆ ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە خرایە روو.

بەر لە دەسپێكردنی بڕگە و ماددەكانی رەشنووسی راپۆرتەكە، لەلایەن سەرپەرشتیارانی كۆبوونەوەكە ئەوە روونكرایەوە كە مەبەست لە ئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوەیە و ئامادەكردنی راپۆرت، نە دژ بە هیچ لایەنێكە و نە دژی سازانیشە، بەڵكو ئەوان وەك پەرلەمانتار و لیژنەی یاسایی كاری پیشەیی پەرلەمانتاری و ئەركە سەرەكییەكانی لیژنەكە رادەپەڕێنن و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بە ئامادەبوونی ژمارەی یاسایی ئەندامانی لیژنەكەیان راپۆرتی خۆیان دەربارەی ئەو پڕۆژە پێشكەشكراوانە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی بۆ پەرلەمان بەرز دەكەنەوە. هەروەك ئەوەشخرایە روو، كە لە كاتی گەیشتنە رێككەوتن و ئەنجامدانی سازان لە نێوان لایەنە سیاسییەكاندا، دەكرێت بۆچوون پێشنیازی ئەوانیش لە رێگەی نوێنەر و فراكسیۆنەكانەوە بخرێنە بەردەم پەرلەمان و جێبكرێنەوە، بۆیە ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە نابێتە هۆی وەستاندنی سازان.

دواتر یەكە بە یەكەی بڕگە و ماددەكانی رەشنووسی راپۆرتەكە گفتوگۆی لەسەر كرا و بە كۆی دەنگی ئەندامانی ئامادەبوو سەرجەم ماددە و بڕگەكان دوای داڕشتنەوەی چەند بڕگەیەك و لابردنیان لەگەڵا جێكردنەوەی پێشنیازی نوێ لە راپۆرتی لیژنەكە جێگیركران.
بەپێی راپۆرتی كۆتایی لیژنەی یاسایی، هەشت ماددەی ئەسڵی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005 كە بریتیبوون لە ماددەكانی (1 و 2 و 4 و 5 و 9 و 10 و 15 و16) هەمواركراونەتەوە و ماددەكانی (7 و 8 و 13)ی ئەسڵیی هەمان یاساش هەڵوەشێنراونەتەوە و سەرلەنوێ دارێژڕاونەتەوە و ماددەی شەشەمی ئەسڵی یاساكەش لابراوە و سێ ماددەی دیكەش بۆ یاساكە زیادكراوە. كۆی گشتی راپۆرتەكەش لە 18 ماددە پێكهاتووە و بڕیاریشە لە زووترین كاتدا بەفەرمی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت و لە دوای پێشكەشكردنی راپۆرتەكەش بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دوای تێپەڕبوونی 48 سەعات سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەتوانێت دانیشتنی بۆ ئەنجامبدات بە مەبەستی دەنگدان و پەسندكردنی.

جێی ئاماژەیە گۆڕانكارییە سەرەكییەكان بەپێی راپۆرتی لیژنەی یاسایی كە سوودی لێوەرگرتووە لە هەر چوار پڕۆژە یاساكانی تایبەت بە هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ژمارە 1ی ساڵی 2005، كە لە دانیشتنەكانی پێشوودا خوێندنەوەی یەكەمیان بۆ كراوە، سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان و لەدەورەی یەكەم بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت، لە كاتی بەدەستنەهێنانی ئەو رێژەیەشدا لە دەورەی دووەمی دەنگدان بە زۆرینەی رەها هەڵدەبژێردرێت و دەسەڵاتی سەربازیش گوازراوەتەوە بۆ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و هەروەها دوو جێگریشی دەبێت.

لەكۆی 11 ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانیش تەنها 6 ئەندام ئامادەی كۆبوونووەكە بوون كە ژمارەی یاسایی گرێدانی كۆبوونەوەی لیژنەكەیان تەواو كردووە و پەرلەمانتارانی ئامادەبووش بریتیبوون لە د.بەهار عەبدولڕەحمان و گۆران ئازاد ‌و ئەنوەر قادر و تەلار لەتیف و گەشە دارا و ئەبوبەكر هەڵًەدنی.
 




PM:04:37:03/08/2015