بارزانی بۆ فەرماندەكانی پێشمەرگە: پاڵپشتی داواكارییەكەتان دەكەم

پاشنیوەرۆی ئەمرۆ بارزانی بەنوسراوێكی وەڵامی داواكاریی ژمارەیەك لە فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگەی دایەوە كە داوایان  له‌سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه‌کان كردبوو بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر‌ مێزی گفتوگۆ.

دەقی وەڵامەكەی بارزانی:

بۆ هاوسەنگەر و برایانی خۆشەویستم، پێشمەرگە قارەمانەكان

یادداشتەكەتان گەییشت كە لەبارەی بارودۆخی هەنوكەیی كوردستان ئاراستەی ئێمە و خەڵكی كوردستانتان كرد بوو.

ناوەڕۆكی بانگەوازەكەتان تەعبیر لەڕای ئێمەیش دەكات و لەگەڵتاندا هاوڕام. پاڵپشتیی دواكارییەكەتان دەكەم و دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئێوەی قارەمان.

لەم دۆخە ناهەموارەدا پێویستە بە لەیەك تێگەییشتن و سازان، كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان چارەسەر بكەین.

زۆر ناخۆشە و نابێ بەدەستی خۆمان قەیران دروست بكەین و ببینە سەرچاوەی دڵەڕاوكێ و نیگەرانیی خەڵك.

ئەوەی خوێنی شەهیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و مەترسییەكانی سەر وڵاتەكەی لەبەرچاو بێت هەرگیز دەست بۆ دروستكردنی قەیران نابات.

وەك پێشمەرگەیەك زۆر باش لە هەستی ئێوە دەكەم و شاهیدی قارەمانێتی و شەونخونیتانم بۆ بەرگریكردن لە شەرەف و كەرامەتی كوردستان. لە ئێشی دایكی شەهید و ئازار و ناڵەی بریندارن دەگەم و، دەزانم پێشمەرگە قارەمانەكانمان لەچ دۆخێك و بە چ گیانێك لە سەنگەرەكاندان و بەڕووی دوژمنێكی دڕندە وەستاون. ئێوە مایەی شانازین و پارێزەری كوردستانن. ئومێدەوارم ئێوە و خەڵكی كوردستان ڕێگە نەدەن چارەنووسی وڵات بەرەو ئاسۆیەكی نادیار بڕوات.

مسعود بارزانی

9ـی 8ـی 2015





PM:02:18:09/08/2015