ئارێز عه‌بدوڵا: نا بــۆ (٣٠)ی حـوزەیـرانـێـکی دی !

ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ئارێز عه‌بدوڵا له‌سه‌ر لیستی یه‌کێتی داوا له‌حیزبه‌که‌ی ده‌کات جاریکی تر رووداوی 30 حوزه‌یران تازه‌نه‌که‌نه‌وه‌ ماوه‌ی سه‌رۆکایه‌تی بارزانی درێژنه‌که‌نه‌وه‌.

له‌ تۆرێ کۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووک ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق ئارێز عه‌بدوڵا ده‌ڵێت:  لە پێناوی چارەسەرکردنی قەیرانەکە لێژنەی یاسایی راپۆڕتی خۆی داوەتە سەرۆکایەتی پەڕلەمان و مەیدانی سازانیش دانەخراوە، بەڵام لێرەو لەوێ دەبیسین کە پڕۆژەی تر دەھێنرێتە مەیدان، ئەگەر ئەو پرۆژانە بۆ گرتنە بەری رێگای یاسایی و ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم بێت کارێکی ئاساییە ، واتە ئەگەر خستنەڕووی بیرۆکە و پێشنیارە و رێگری کردن نیە لە ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی و جێگیر کردنی سیستەمی پەڕلەمانی دەکرێ پەرلەمان لە بەر چاویان بگرێ و لایەنە سیاسیەکانیش لەسەری رێک بکەون . 

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ده‌ڵێت" بەڵام ئەگەر بۆ دووبارە کردنەوەی (٣٠)ی حوزەیرانێکی تر بێ ئەوە جگە لە ھەڵگەرانەوەیە لە سیستمی دیموکراسی ھیچی تر نیە . ئێمە لە قۆناغێکی ھەستیار داین و ئەبێ ھەموو لایەکمان بە ھەستیاریەوە سەیری ئایندە بکەین و چیتر وڵات بەپینەو پەڕۆ بەڕێوەنەبەین پێش ھەر کارێک ئەبێ ھەموومان بەرژەوەندی باڵای گەل لەبەر چاوبگرین و سیستەمێکی دیموکراسی و پەرلەمانی دابمەزرێنین نەک تازە بەتازە بە پێچەوانەی رەوتی مێژوو ھەنگاو بنێین".

ناوبراو ده‌شڵێت : کورت و کرمانجی دەلێم ئەو وڵاتە ھی ھەموانە ئێمە و پارتی و گۆڕان و ئیسلامیەکان و کۆمەنیستەکان و مەسیحیەکان و تورکمانەکان ...ھتد ھەموومان بەشە جیانەکراوەکانی گەلین و ئەبێ تەنیا لە پێناوی ئەو گەلەش قوربانی بدەین نەک بۆ حزبێک یان کەسێک . ناکرێ مێژوو خۆی دووبارە بکاتەوە ئەگەر دووبارەش بوەوە ئەوا بەشێوازێکی گاڵتەجاریەو کارەساتی بەدوا دادێ، گەلی کوردستان (٣٠)ی حوزەیرانێکی تری پێ قبول ناکرێ، بۆیە باشتر وایە رێگای یاسایی و سازانی نیشتیمانی بگرینە بەر.
- 




AM:11:49:12/08/2015