نهێنیە گەورەکەی یەکگرتوو ئاشکرا بوو

بەرپرسێکی پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی دەڵێت: ئەگەر پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتیی هەرێم بە سازان رێككەوتنی لەسەر نەكرێت و كۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان بكرێت، چوار پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك بڕیاریان داوە بەشداری كوبوونەوەكە نەكەن".

دامەزرێنەر و ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان دیندار نەجمان دۆسكی لەدیدارێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵ باس لەوە دەکات ئەگەر لایەنەكانی سیاسی لە سەر پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم سازانیان نەكرد و پڕۆژەكە لە پەرلەمان خرایە  دەنگدان، پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە دهۆك بەشدار نابن و دەڵێت : یەكگرتوو پەرلەمانتارانی خۆی سەرپشك دەكات بۆ بەشداریكردن لە كۆبوونەوەكە، بەڵام بەگوێره‌ی زانیاریەكانم چوار پەرلەمانتاری یەكگرتوو لە پارێزگای دهۆك بڕیاریان داوە بەشدار نەبن، رەنگە پەرلەمانتارانی یەكگرتوو لە هەولێریش هەبن بەشدار نەبن.

دیندار دۆسکی دەڵێت: هەر یاسایەك حكوومەت یان پەرلەمان دەری بكات مەبەست لێی چارەكردنی كێشەیەكە، بەڵام كە یاسا بوو به‌ سەرچاوەی كێشە، ئەو كات دەبێ لەسەری بووەستین، پڕۆژەیاسای سەرۆكایەتی هەرێم، ئەگەر لە پەرلەمان پەسەند بكرێت، پارتی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان كە پارتیی دیموكراتی كوردستانە، رازی نابێت و قبووڵی ناكات، كەواتە لایەنەكانی سیاسی هەرێم دەبێت بە سازان ئەم كێشەیە چارە بكەن، پاشان ببرێتە پەرلەمان.

سەبارەت بەوەی كە ئایا یەكگرتوو پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەمان یەكلایی دەكاتەوە و پڕۆژەكە بەلای پارتی دا پەسەند دەكات، (دۆسكی) گوتی: "گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ، ناهێڵن پرسی سەرۆكایەتی هەرێم لە سەر دەستی یەكگرتوو یەكلایی ببێتەوە و مۆری یەكگرتووی پێوە بێت، بە رای من دووقوڵی ئەو كێشە چارە دەكرێت، بە تایبەتی پارتی و یەكێتی كە دوو هێزی دیفاكتۆ و حوكمڕانن دەتوانن كێشەكە یەكلایی بكەنەوە و كلیلی چارەكردنی ئەو پرسە لە دەستی ئەواندایە".

(دۆسكی) له‌باره‌ی سیناریۆیه‌ك كه‌ ئه‌گه‌ر گۆڕان لە كاتی سەرنەكەوتنی پڕۆژەی سەرۆكایەتی هەرێم لە پەرلەماندا ئایا له‌حكوومه‌ت و په‌رله‌مان ده‌كشێنه‌وه‌، ده‌ڵێ: "بە دووری نابینم گۆڕان بكشێتەوە، بەڵام گۆڕان نەیتوانیوە ئەو بەڵێنانەی پێش هەڵبژاردن داویەتی بە خەڵك كە لە ئەگەری بەشداریكردنیان لە پەرلەمان و حكوومەت دا جێبەجێبكات، ئەمەش بەنەرێنی لە سەری شكاوەتەوە، چونكە ساڵێكە هیچی نەكردووە، كە بێ‌گومان رەوشی خراپی داراییش كاریگەری خۆی هەبووە لە سەر جێبەجێنەكردنی ئەو بەڵێنانەی كە داویەتی بە جەماوەرەكەی".

دوای کۆبوونەوەی ٦/٢٣ دیندار نەجمان دۆسكیو وەك نەرازی دەربڕینێک رۆژی 24/6/2015 لە سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی دەستی لە كار كێشایەوە.




PM:08:03:13/08/2015