داعش جارێكی دیكە چەكی كیمیایی دژی پێشمەرگە بەكارهێنا

شەوی رابردوو چەكدارانی داعش بەچەكی كیمیایی هێرشیان كردەسەر هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێر – مەخمور‌و بەوتەی سەرپەرشتیاری میحوەرەكە داعش مادەی كیمیایی "خەردەل"ی بەكارهێناوە.

لەمبارەیەوە سیروان بارزانی، بەرپرسی میحوەری گوێڕ- مەخمووری هێزی پێشمەرگە بە رووداوی راگەیاند: کاتژمێر 12:10 خولەکی شەوی رابردوو 14/8/2015، چەکدارانی داعش لە گوندەکانی تەلەڕیم و جاڕوڵڵا هێرشیانکردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام لە ماوەی نیو کاژێردا هێرشەکەی داعش لەلایەن پێشمەرگەوە تێکشکێندرا.

وتیشی: لە هێرشەکەدا داعش چەکی قورسی بەکارهێنا، لە بەرامبەریشدا پێشمەرگە بە چەکی قورس وەڵامی هێرشەکەی دایەوە و پێش ئەوەی فڕۆکەکانی هاوپەیمانان بگەنە ناوچەکە، پێشمەرگە هێرشەکەی داعشی تێکشکاند.

سەبارەت بە بەکارهێنانی چەکەکانی داعش لە هێرشەکەدا، بارزانی وتی " جگە لە چەکی قورس، داعش چەکی کیمیاوی (گازی خەردەل)ی بەکارهێناوە، هەرچەندە تائێستا جۆری گازەكە پشتڕاست نەکراوەتەوە، بەڵام گومان لەوەدانییە کە چەکەکە کیمیاوی بووە، چونکە لە شەڕەکەدا تەنها پێشمەرگەیەک برینداربووە، ئەویش ئاسەواری سووتان بە جەستەیەوە دیارە کە هی چەکی کیمیاوییە".
 رۆژی چوارشەممە 12 ی ئابی 2015، فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگە لە سنووری بەرەکانی شەڕ لە میحوەری گوێڕ- مەخموور، ئاشكرایانکرد كە بۆیەكەمجار چەكدارانی داعش نزیكەی 45 گوللە هاوەنی جیاوازیان ئاراستەی پێشمەرگە كردوون و كڵاوەی كیمیاوییان لەسەر بەستوون.

 دوێنێ پێنجشەممەش وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و رایگەیاند کە پێشمەرگە بە چەکی کیمیایی (کلۆرین) لەلایەن داعشەوە هێرشی کراوەتەسەر.




PM:02:12:14/08/2015