"بەهەڵبژاردنی سەرۆك لەناو خەڵك كلتوری دیموكراسی باشتر دەچەسپێت"

بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی پارتیی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ، پارتی وای پێ باشە پرسەكان بە سازان یەكلایی بكرێنەوە؛ جەختیش لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە پێویستە گەل خۆی سەرۆكی خۆی هەڵبژێرێت چونكە بەو شێوەیە كەلتووری دیموكراسی باشتر لە هەرێمی كوردستان دەچەسپێت.

هێمن هەورامی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان پێشوازیی لە وەلید قەزاز كونسوڵی كاربەڕێكەی ئوردن  لە هەولێر و شاندی یاوەری كرد.

لە كۆبوونەوەی نێوان (هێمن هەورامی) و شاندی كونسوڵی ئوردن لە هەولێر،  هەورامی بەخێرهاتنی (وەلید قەزازی) كرد لە پوستە نوێیەكە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست.

سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، (هێمن هەورامی) هەڵوێستی پارتیی بە ڕوونی خستە ڕوو كە بریتییە لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەلایەن گەلەوە، چونكە ئەم میكانیزمە بواری دیموكراسی و بەشداری سیاسی زیاتر بە هاووڵاتیان دەدات و كەلتووری دیموكراسی باشتر دەچەسپێنێت.

(هەورامی) ڕوونی كردەوە كە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە بە سازان پرسەكان یەكلایی بكرێنەوە؛ چونكە پارتی هەمیشە لەگەڵ یەكڕیزی و سازاندایە و پێی وایە ئەگەر پارتە سیاسییەكان نەگەیشتنە رێكەوتن لە سەر میكانیزمی دەستنیشانكردنی سەرۆكی هەرێم ئەوا باشترین بژاردە گەڕانەوەیە بۆ ڕای گەل.




PM:04:45:01/09/2015