سەرۆكی پەرلەمان: پەرلەمان تاكە شوێنی یەكلاییكردنەوەی پرسی سەرۆكایەتیی هەرێمە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 2015/9/2، بە سەرۆكایەتیی د.یوسف محەمەد صادق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و ئامادەبوونی د.جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان و فەخرەدین قادر عارف سكرتێری پەرلەمان،دانیشتنی دەسپێكی خولی پاییزە لە ساڵی دووەم لە خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
سەرەتای دانیشتنەكە، سەرۆكی پەرلەمان بەرنامەی كاری دانیشتنەكەی خوێندەوە كە لە دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یەكەم بریتی بوو لە دەقیقەیەك وەستان بە بێدەنگی بۆ رێزلێنان لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عیراق لەگەڵ مارشی نەتەوەیی، خاڵی دووەمیش بریتی بوو لە كردنەوەی خولی پاییزە لە ساڵی دووەمی خولی هەڵبژاردنی چوارەمی پەرلەمانی كوردستان، بەپێی بڕگە (2) لە ماددەی (17) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو.
بەپێی خاڵی یەكەمی بەرنامەی كار، سەرۆكی پەرلەمان داوای لە ئەندامانی پەرلەمان كرد بۆ رێزلێنان لە گیانی پاكی شەهیدانی كوردستان و عیراق لەگەڵ مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەقیقەیەك بە بێدەنگی بوەستن.
پاشان بەپێی خاڵی دووەمی بەرنامەی كار، سەرۆكی پەرلەمان بە بۆنەی دەسپێكی خولی پاییزە، وتەیەكی پێشكەشكرد و تیایدا ئاماژەی بەو قۆناغە سەخت و هەستیارە كرد كە ئێستا ناوچەكە و هەرێمی كوردستانی پێدا تێپەڕ دەبێت لە شەڕی دژ بە تیرۆر و رۆلی پێشمەرگە قارەمانەكانیشی بەرزنرخاند لەو شەڕە نێودەوڵەتییەی كە دژ بە تیرۆر دەكرێت، هەروەها ستایشی رۆلی بەرپرسیارانەی خەڵكی كوردستان بە گشتی و فەرمانبەران و مووچەخۆرانی كوردستانی كرد لەو چوارچێوەیەدا كە بەرپرسیارانە و خۆڕاگرانە مامەڵیان لەگەڵ بارودۆخەكەدا كردووە و تیشكی خستە سەر ئەو ئاستەنگ و قەیرانانەی كە زیاتر لە ساڵێكە بەرۆكی هەرێمی كوردستانیان گرتووە.
هەر لە وتەكەیدا سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بە رۆل و ئەركی پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان كرد لە پرسی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمانی بە تاكە شوێنی یەكلاییكردنەوەی ئەو پرسە لە قەڵەمدا و رایگەیاند: "دڵنیاییتان دەدەینی كە ئوپەڕی هەوڵی خۆمان دەخەینە گەڕ بۆئەوەی ململانێ سیاسییەكانی ناوخۆ بە شێوازێكی ئاشتییانە یەكلایی بینەوە و نەهێڵین كار لە یەكڕیزی و ورەی پۆڵاینی پێشمەرگە بكات، چونكە جیاوازی و ململانێی سیاسی نەریتێكی دیموكراسییە، بە پێویستی دەزانم ئاماژە بە گرنگی و بایەخی لێكبووردن و رێزگرتن لە جیاوازییەكان بدەم، بوونی جیاوازی ئاماژەی بەروەپێشچوونی دیموكراتیی هەرێمەكەمانە".
هەر لە وتەكەیدا سەرۆكی پەرلەمان تیشكی خستە سەر رۆل و ئەركی پەرلەمان لە بە دامەزراوەییكردن و كاراكردنی رۆلی چاودێری و ئەكتیڤكردنی بوارەكانی تری پەرلەمان و جەختیشی لەسەر پێویستیی كاركردن لەسەر چەند پرسێكی گرنگ كردەوە كە پێویستە پەرلەمان لەو خولەیدا كاری جدییان لەسەر بكات، لەوانە پڕۆژەی دەستووری كوردستان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان و بەردەوامبوون لەسەر كاراكردنی رۆلی چاودێریی ئەندامان و لیژنە تایبەتمەندەكانی پەرلەمان لە چاودێریكردنی وردی دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە پێناو ئەنجامدانی چاكسازییەكی بنەڕەتی لە كۆی جومگە و لایەنە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان و بەردەوامبوون لەسەر هەوڵەكانی پەرلەمان بۆ بە سیستەماتیككردنی كەرتی وزە لە هەرێمی كوردستان لە رێی دروستكردنی سەندووقی داهاتە نەوتی و گازییەكان بەپێی یاساكەی و دەركردنی یاساكانی تری پەیوەندیدار بە دادی كۆمەڵایەتی و دادپەروەری، بە تایبەت ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە دەستەبەری كۆمەڵایەتی و سۆشیالەوە هەیە و هیوای خواست كە ئەم دانیشتنە دەسپێكی وەرزێكی پڕفڕی كاری پەرلەمانی بێت.
بەمجۆرە سەرۆكی پەرلەمان كۆتایی بە دانیشتنەكە هێنا و رایگەیاند: "لە هەفتەی داهاتووەوە دەستدەكەین بە دانیشتنە ئاساییەكانی وەرزی گرێدان".
PM:03:35:02/09/2015