بەریتانیا: لەپرسی سهرۆكایهتی ههرێمدا بێلایەنین
د.یوسف محەمەد، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: کێشە و ململنێکانمان لە هەرێمی کوردستان حاڵەتێکی ئاساییە، گرنگ ئەوەیە ململانێی سیاسی لایەنەکان بە ڕێگەی یاساییو ئاشتییانە بێت و دوور بێت لە توندوتیژیی.
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمان، لەمیانی پێشوازیکردن بوو لە (ئەنکس مەکی)کونسوڵی بەریتانیا لەهەرێمی کوردستان. کە ئەمڕۆ پێنجشەممە -٣-ئەیلول سەردانی پەرلەمانی کوردستانی کردو لەلایەن سەرۆکی پەرلەمانەوە پێشوازیکرا.
لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سوپاسی بەریتانیا کرد کە لەشەڕی دژ بەتیرۆرستانی داعش هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە، دواتریش ئاماژەی بەگرفتو ململانێی فراکسیۆنو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کرد لەسەر پرسی دەستوورو یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانو شێوازی بەڕێوەبردن لە هەرێمی کوردستاندا.
وتیشی "پەرلەمانیش وەک دەسەڵاتی یاسادان و چاودێریی لە کوردستان هەمیشە ویستوویەتی گرفتەکان بەڕێگە یاساییو سازان چارەسەر بکرێت".
دواتر کونسوڵی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، وتی " ئەم گرفتە پرسێکی ناوخۆییە، بەریتانیا لەو پرسەدا بێلایەنەو وەک یەک سەیری هەمو لایەنەکان دەکات، هیوای خواست لایەنەکان بەزوویی بگەنە چارەسەریی گرفتەکانیان".
PM:01:06:03/09/2015