گۆڕان بۆ نێچیرڤان: ٤٣ کەس بەوەزیر خانەنشینکراون ١ رۆژ دەوامیان نەکردووە

پەرلەمانتاری گۆڕان عەلی حەمە ساڵح وەڵامی بڕیارەکەی نێچیرڤان دەداتەوە کە دامەزراندنی٤٠٠٠ کادیری حیزبی بەڕێوەبەرایەتی رێکخراوەکانی هەڵوەشاندەوە، دەڵێت: ٤٣ کەس کراون بە وەزیر یەک رۆژ دەوامیان نەکردووە.

لە نووسینێکدا بەناونیشانی " بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ چاکسازییە؟ پشتوانین، بەڵام بەم مەرجە"، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک عەلی حەمە ساڵح بەهەشت خاڵ وەڵامی بڕیارەکەی نێچیرڤان بارزانی دەداتەوە کە بڕیاری هەڵوەشانەوەی دامەزراندنی ٤٠٠٠ هەزار کادیری حیزبی دەکرد لە ناوچەکانی سلێمانی.

عەلی حەمە ساڵح دەڵێت" بەھەزاران کەس کە بەشێکیان فایلەکانیان لای من ھەیە، بەپلەی بەڕێوبەری گشتی بە دوو ملیۆن و بە راوێژکارو شارەزاو تەنانەت ٤٣ کەس بەوەزیر خانەنشینکراون، تەنیا یەک ساتیش فەرمانبەر نەبوون".

لەخاڵێکی تردا ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت" نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس لەدەرەوەی یاساو بەپلەی جۆراوجۆری سەربازی بەنایاسای خانەنشینکراون بەبێ ئەوەی ھیچ خزمەتێکی پێشمەرگایەتییان ھەبێت، خەڵک ھەیە جاش بووە و پێشمەرگەی کوشتووە بەپلەی لیوا و عەمید و عەقیدی پێشمەرگە خانەنشینکراون".

دەقی وتارەکە
 
بڕیارەکەی سەرۆکی حکومەت بۆ چاکسازییە؟
پشتوانین، بەڵام بەم مەرجە
سەرۆکی حکومەت دەست بۆ ئەم فایلانەش ببە؟

سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیارێکی لەبارەی بەڕێوبەرایەتی رێکخراوەکانی سلێمانی دەرکرد، بڕیارەکە بەشێوەیەک داڕێژراوە کە ویستی چاکسازی تێدا نوسراوە.
پێشتر لە بەڕێوبەرایەتی رێکخراوەکانی سنوری ئیدارەی سەوزو خەزێنەی کەرکوک و سلێمانی لە ئیدارەی زەرد نزیکەی ١٠ ھەزار کەس موچەیان وەردەگرت و ھیچ دەوامێکیان نەدەکرد، ئەمانە خرانە سەر دەوام، کە خرانە سەر دەوام موچەکانیان زیادیکرد، بەشێکی زۆری ئەم کەسانە ھیچ بڕوانامەو ئەزمونێکی کاریان نەبوو، بەڵام چەندین ساڵی خزمەت و پلەی ئیدارییان بۆنوسرا.
ئەم بڕیارەی سەرۆکی حکومەت، ئەگەر بەئاراستەی چاکسازییە، پێویستە ھەموان پشتوانی بن و بۆ ئەوەی ئێمەش دڵنیابین پێویستە دەیان بڕیاری دیکەی بەدوادابێت، لەوانە:
یەکەم : ئەم بڕیارە پێویستە ئەو کەسانەش بگرێتەوە کە لەسنوری ئیدارەی ھەولێرن، دەکرێت نانبڕاو نەکرێن، وەک چارەسەرێکی ناوەندی بەپێی ساڵی خزمەت و بڕوانامە سەرلەنوێ پێداچونەوە بە موچەکانیان بکرێت.
دووەم: بەھەزاران کەس کە بەشێکیان فایلەکانیان لای من ھەیە، بەپلەی بەڕێوبەری گشتی بە دوو ملیۆن و بە راوێژکارو شارەزاو تەنانەت ٤٣ کەس بەوەزیر خانەنشینکراون، تەنیا یەک ساتیش فەرمانبەر نەبوون، پێویستە پێداچونەوە بەدۆسییەی ھەموویان بکرێت بەپێی یاسا، ساڵانە زیاتر لە ٧٠ ملیار دیناریان بۆ سەرفدەکرێت.
سێیەم: نزیکەی ٦٠ ھەزار کەس لەدەرەوەی یاساو بەپلەی جۆراوجۆری سەربازی بەنایاسای خانەنشینکراون بەبێ ئەوەی ھیچ خزمەتێکی پێشمەرگایەتییان ھەبێت، خەڵک ھەیە جاش بووە و پێشمەرگەی کوشتووە بەپلەی لیوا و عەمید و عەقیدی پێشمەرگە خانەنشینکراون. موچەی ساڵانەیان زیاتر لە ٢٠٠ ملیار دینارە.
چوارەم: بەشێکی زۆری ئەوانەی مانگانە بەناوی پێشمەرگە موچە وەردەگرن بندیوارن، بەپێی بەدواداچونێک کەمن بۆ ھەندێک فەوجم کردووە، رێژەی بندیوار نزیکەی ٣٠% بۆ ٤٠% ە، مانگانەی ئەم بندیوارانە نزیکەی ٣٠ ملیار دینارە.
پێنجەم: تاوەکو ئێستا دوو موچەو سێ موچە چارەسەر نەکراون، بەھەزاران کەس دوو موچەو سێ موچە وەردەگرن.
شەشەم: تائێستا نیوە زیاتری کۆمپانیاکان باج نادەن، زیاتر لە ٢٠ ھەزار کۆمپانیا لە کوردستان ھەن، بڕۆن بپرسن بزانن چەند کۆمپانیا باج دەدات؟
حەوتەم: بەناوی سۆنەرو پشکنین و گەراج و کاری خزمەتگوزاری کۆمپانیا، بەشی ھەرە زۆری داھاتی خاڵە سنورییەکان بۆ چەند کۆمپانیا یەک دەڕوات، کە ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلارە، بپرسە بزانە داھاتی ئیبراھیم خەلیل‌و حاجی ئۆمەران و باشمان و پەروێزخان چەندەو چەندی دێتە گیرفانی حکومەت، ئەوەی دێتە خەزێنەی حکومەت بەھەموویان لەمانگێکدا ناگاتە ٦٠ ملیۆن دۆلار، کێ قەناعەت دەکات داھاتی رۆژێکی ئیبراھیم خەلیل نیو ملیۆن دۆلار بێت یان کەمتریش!!!
ھەشتەم: بپرسن بزانن باجی خان وبەرەو درامەت چەندە؟ ئەو ھەموو دوکان و مۆڵ و تەلاری بازرگانییە ھەن و بەکرێ دەچن کی باج دەدات؟ چی دەگەڕێتەوە خەزێنەی دەوڵەت؟
تێبینی: لەم نووسینەدا باسی کێشەکانی داھات و دارایی نەوتم نەکرد. 




AM:01:36:04/09/2015