بارزانی: گەڕانەوە بۆ ڕای گەل باشترین بژاردەیە

سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، مەسعود بارزانی رایگەیاند گەڕانەوە بۆ ڕای گەل وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردەیە.
 
ئەمرۆ بارزانی لە دیدارێك لەگەڵ جان كۆبیس نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق رایگەیاند:  ئەوەی لە پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەسەر شێوەی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان روو دەدات بەشێکە لە پرۆسەی دیموکراسی و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو بابەتە ڕۆڵیان هەبێت و ئەگەر نەگەیشتنە چارەسەرێکی گونجاو ئەوا گەڕانەوە بۆ ڕای گەل وەک ڕێکارێکی دروستی دیموکراسی باشترین بژاردەیە.

بارزانی تەئکیدیشی کردەوە کە ئەم کێشەیە کاریگەریی سلبی نەکردۆتە سەر سەنگەرەکانی بەرەوڕووبوونەوەی تیرۆریستان و سەرجەم هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان زۆر بە دڵسۆزی خەریکی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانی خۆیانن.

نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هیوای خواست کە ئەو کێشەیە بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، چونکە بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی عێراق و ناوچەکە، درێژەکێشانی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی تەنگژە و کاریگەریی خراپی دەبێت.

لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا پرۆسەی سیاسیی عێراق و هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چاکسازی خرانە بەرباس و بارزانی ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەو پرۆسەیە لەپێناو چەسپاندنی دەستوور و شەراکەتی ڕاستەقینە و بنبڕکردنی گەندەڵی بێت ئەوا هەرێمی کوردستان بە تەواوی پشتیوانی دەکات، بەڵام ئەگەر بۆ پشتگوێ خستنی دەستوور و پەراوێزخستنی لایەنەکان بەتایبەتی گەلی کوردستان بێت و ئامانجیان پیادەکردنی حوکمێکی تاکڕەوانە بێت ئەوا ڕەتی دەکەینەوە.

بارزانی تەئکیدی کردەوە کە باشترین چارەسەر بۆ کێشەکانی عێراق شەراکەتی ڕاستەقینە و بەشدارییکردنی هەموو پێکهاتەکان و جێبەجێکردنی دەستوورە.






PM:03:23:05/09/2015