پارتی: پۆستی قایمقامی هەڵەبجە مافی ئێمەیە
ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی لە پارێزگای سلێمانی دەڵێت: پۆستی قایمقامی هەڵەبجە مافی ئێمەیە و داوایشمان كردووە كە ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت، لە ئێستایشدا كە داوای كەمكردنەوەی پۆستێكی سلێمانی لە پشكی ئێمە دەكەن.
زیاد كاكەڕەزا، ئەندامی شاندی دانوستانكاری پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی حیزبەكەی راگەیاند: "سەبارەت بەو پێشنیازەی كراوە، پێویستە كۆبوونەوە بكەین و دیراسەی بكەین، بەڵام ئەمە چارەسەر نییە، چونكە بۆ دەبێت لە سلێمانی پۆستێكمان كەم بكرێتەوە و لە هەڵەبجە پۆستێكی دیكەمان پێ بدرێت، بۆ نموونە لیستی خزمەت بە چوار كورسی ١٧پۆستیان هەیە و تەنیا لە هەڵەبجە سێ پۆستی سیادییان هەیە، بەڵام بۆ پارتی بە سێ كورسی پۆستێكی پێ نەدرێت؟".
وتیشی: "پۆستی قایمقامی هەڵەبجە مافی ئێمەیە و داوایشمان كردووە كە ئەو پۆستە بۆ ئێمە بێت، لە ئێستایشدا كە داوای كەمكردنەوەی پۆستێكی سلێمانی لە پشكی ئێمە دەكەن، رەنگە داوای پۆستی قایمقام بكەن كە بەر ئێمە كەوتووە، بۆیە رێككەوتن زەحمەتە".
ئاماژەی بەوەشدا: "پۆستەكانی ئێمە جێگری پارێزگار، بەڕێوەبەرێكی گشتی و قایمقامێك و چوار بەڕێوەبەری ناحیەیە، بەڵام لیستی هاوپەیمانی یەك كورسییان هەیە و قایمقامێك و بەڕێوەبەرێكی ناحیەیان هەیە، یەكێتی و گۆڕانیش باس لەوە دەكەن پارتی پۆستی زیادی وەرگرتووە، ئێمە لە چی زیادمان وەرگرتووە و ئەوان لەسەر چ بنەمایەك پۆستەكانیان دابەش كردووە؟ بۆیە ئەمە چارەسەر نییە كە ئەوان باسی دەكەن".
PM:01:57:10/09/2015