"وێستگە" وەك كەناڵێكی تری ئەهلی دەستی بە پەخشی هەواڵەكانی كرد

ئەمرۆ پێنجشەممە، ماڵپەڕی وێستگە وەك كەناڵێكی ڕاگەیاندنی ئەهلی تر لەهەرێمی كوردستان، دەستی بە پەخشی هەواڵ و زانیارییەكانی كرد.

سیروان غەریب، سەرنوسەری ماڵپەڕی وێستگە، بە سایتی سپی میدیایی ڕاگەیاند كە وێستگە دامەزراوەیەكی میدیایی ئەهلییەو لەسەرەتادا بەكردنەوەی ماڵپەڕی وێستگە دەست بەكارە ڕاگەیاندنەكانی دەكات .

سیروان غەریب ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە لە بەخشینی خزمەتگوزاری هەواڵ و زانیارییەكانیان پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی كاری رۆژنامەوانی بەكاردەهێنن‌و هەواڵ و زانیاری وەك خۆی دەگوازنەوە.

ناوبراو ئامانجی دەزگاكەی رونكردەوەو ڕایگەیاند كە لەپاڵ میدیا ئەهلییەكاندا بەشداردەبێت لە بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاك و هەروەها بەهێزكردنی پایەكانی دیموكراسی و ئازادی ڕادەربڕین ئەركێكی تری دەزگاكەیە.

ماڵپەڕی وێستگە لەیەكەمین هەواڵیدا بەناونیشانی "وێستگە دەستی بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكان كرد" پێش نیوەرۆی ئەمرۆ پێنجشەممە دەستی بە پەخش كرد و وابڕیارە 24 كاتژمێر هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە.

لەو هەواڵەدا وێسگە ئاماژەی بۆ ئەوەكردووە كە  بۆ بەردەوامبون و سەرکەوتنی پرۆژەکەی كار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی دارایی کۆمپانیا بازرگانیەکان، بێ جیاوازی لەشێوەی دابینكردنی سپۆنسەرو راكێشانی ریکلامی بازرگانی.

سەرنوسەری وێستگە، سیروان غەریب وتیشی"لەئایندەدا خوێنەرانمان شایەتی لەسەر بێ‌ لایەنی ئێمە دەدەن،"
هەروەها وتیشی "وێستگە بۆ بەردەوامبون و سەرکەوتنی پرۆژەکەی كار ده‌كات بۆ به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانیی دارایی کۆمپانیا بازرگانیەکان، بێ جیاوازی لەشێوەی دابینكردنی سپۆنسەرو راكێشانی ریکلامی بازرگانی".

سیروان غەریب، كە ئێستا سەرنوسەری ماڵپەرەكەیە، یەكێكە لەو رۆژنامەنوسانەی بۆ ماوەیەكی درێژ لە میدیای ئەهلی لەهەرێمی كوردستاندا كاری كردووەو چەندین پۆستی بەرێوەبردنی لە هاوڵاتی و ئاوێنەو ئێن ئاڕتی بەرێوەبردووە، دواهەمین كاریشی سەرنوسەری سایتی خەندان بووە.‌

وێب سایتی وێستگە

فەیسبوکی وێستگە



PM:03:44:10/09/2015