سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت" پارتی دەیەوێت نەك بۆ (10)ساڵ بۆ هەتا هەتایە بارزانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە."
ئەبوبەکر هەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" ئەگەر لەدەستور یان دەقێكی كۆنكرێتی نەچەسپێت كە هەر كەس دوو خولی تەواوكرد بۆی نیـیە خۆی كاندید بكاتەوە، ئەوا بێگومان پارتی دەیەوێت نەك بۆ (10) ساڵ بۆ هەتا هەتایە بارزانی لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە."
سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەبوبەکر هەڵەدنی کە ئەندامی وەفدی دانوستانکاری کۆبوونەوەی پێنج حیزبەکەیە، دەڵێت " پرسیارمان لە برادەرانی پارتی كرد سەبارەت بەوەی ئەگەر ڕازیبووین بە مانەوەی بارزانی بۆ ئەم دوو ساڵە، ئایا دواتر داوای ناكەنەوە بۆ دوو خولی تر، بەداخەوە وەڵامێكی نەرێنیان داینەوە."
هەڵەدنی باس لەوە دەکات کە ئەولەویەت لای پارتی مانەوەی بارزانیـیە لە پۆستەكەیدا ودەشڵێت "مانەوەی مەسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی سەرەكیە".
هەروەها دەشڵێت" ئەولەویەت لای پارتی مانەوەی بارزانیـیە لە پۆستەكەیداو لای ئێمەش گۆڕینی سیستمی حكومڕانیە، خاڵی سەرەكیش لەبەرەو پێشچوونی دانوستانەكان و چارەسەكردنی كێشەكان بریتیە لەوەی پارتی كاندیدێكی تر پێشكەش بكەن بۆ پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم ، چونكە مانەوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێم كێشەی سەرەكیە و ئەو كێشانەی تر كە هەن شتی لاوەكین".
وتیشی:"هۆكاری ناڕازیبوونی ئێمە بە مانەوەی مەسعود بریتیە لە چەسپاندنی سەروەری یاسا، چونكە ئەو یاسایانەی هەن، ڕێگە بە خۆ كاندیدكردنەوەی بارزانی نادەن.
ژمارەی ئەو بەرپرسانەی لەچوار حیزبەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بارزانی لەرووی یاساییەوە بۆ نییە خۆی کاندید بکاتەوەو مانەوەی لە پۆستەکەیدا یاسایی نییە، بەرەو زیادبوون دەچێت، هەر ئەمڕۆ مەلا بەختیار بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی و جەلال جەوهەریش سەرۆکی وەفدی دانوستان ئەو پرسەیان دووپاتکردەوە.