خۆپیشاندەرانی خەڵکی شارو شارۆچکەکانی دوری جەزیرە بە هەزاران کەس روویان لەو شارە کردوو گەمارۆی سەر شارەکەیان شکاند.
میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان ئاماژە بۆ ئەوە هەزاران هاوڵاتیی باکوری کوردستان لە ناوچەکانی سلۆپی و شرناخەوە بەرەو جەزیرە بەڕێکەوتبوون، چوونەتە ناو جەزیرە.
بەپێی هەواڵی ئەو میدیانە خۆپیشاندەران شەوی رابردوو بەڕێپێوان هەموو ئاستەنگییەکان تێکشکاند و خۆیان گەیاندە ناو شارۆچکەکە.
ئەو هاوڵاتیانە هەموو لەمپەڕ و ئاستەنگییەکانی کە دەوڵەتی تورک بۆیانی دروست کردبوون تێکشکاند و چوونە ناو شارۆچکەکەوە، هاوڵاتیانی جەزیرەش بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە پێشوازیان لێکردن.
ماڵپەڕی رۆژنیوزیش بڵاویکردەوە" خۆپیشاندەران و هاوڵاتیانی جەزیرە گەیشتنە لای یەک و بەرەو ناوەندی جەزیرە بە خۆپیشاندان بەڕێکەوتن، لەلایەکی تریشەوە بە سەدان هاوڵاتی لە هەزەخەوە بەرەو جەزیرە بەڕێکەوتوون و رێپیوانەکەیان بەردەوامە".