هەدەپە هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە بەشداری حیزبەكانی باشور لە كۆنگرەی ئاكەپە راگەیاند

هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتیكی گەلان "هەدەپە" هەڵویستی پارتەكەی لەسەر بەشداری حیزبەكانی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەی پارتی داد‌و گەشەپێدان رایگەیاند.

فیگەن یوکسەکداغ، هاوسەرۆکی هەدەپە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەگەڵ مەلا بەختیار، کارگێری مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی رایگەیاند، کە بەشداریکردنی پارتە کوردییەکانی باشوور لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان AKP پەیوەندی بەو حیزبانەوە هەیە و داوایکرد کە لەئاست سیاسەتەکانی ئەردۆغاندا هەڵوێستییان هەبێت.

یوکسەکداغ، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆککۆماری تورکیای بەوە تاوانبارکرد کە سیستەمی سیاسی تورکیای گۆڕیوە و وتی "بەشێوەیەکی کرداری ئەردۆغان سیستەمی حوکمی گۆڕیوە.گۆڕانێکی خۆڕسک نەبوە بەڵکو گۆڕانێکی دیفاکتۆیە، هەرچەند وەک سەرۆککۆمار دەبێت بێ لایەن بیت بەڵام زۆر دەست لەکاروباری حکومەت وەردەدات. خەڵکی تورکیا لە هەڵبژاردنەکاندا گۆرانێکی دیموکراتییان ویست بەڵام ئێستا جووڵەیەکی دژ بە دیموکراتی هەیە".

دەربارەی بەشداری هەندێک پارتی کوردی باشووری کوردستانیش لە کۆنگرەی پارتی داد و گەشەپێدان گوتی " بەشداری لە کۆنگرەی حیزبێکدا ئەو پێوەرە نییە کە ئێمە حیزبەکانی پێ دەپێوین و پەیوەندی بە خۆیانەوە هەیە. بەڵام چاوەڕوانییەکمان هەیە لە هەموو حیزبەکانی کوردستان کە هەڵوێستییان هەبێت لەئاست سیاسەتی رووخاندن و کوشتنی ئەردۆغان".

دەربارەی پرۆسەی چارەسەریش یوکسەکداغ وتی "ئێستا حکومەتی تورکیا پرۆسەی ئاشتی کۆتایی پێهێناوە، ئێمە پێمانوایە مام جەلال و چەند سەرکردەیەکی دیکە خاوەنی قورسایی ئەوەن کە دەتوانن لەپرۆسەی چارەسەریدا رۆڵیان هەبێت".

بە گوتەی یوکسەکداغ، شاندەکەی هەدەپە لە باشووری کوردستان، لەدوای دیدارەکانیان لە سلێمانی، بەرەو هەولیر بەڕێدەکەون و، گوتیشی کە نیازی چوونیان هەبووە بۆ قەندیل بەڵام بەهۆی بوونی بۆردومان و شەڕەوە ناتوانن سەردانەکە ئەنجامبدەن.




PM:03:39:13/09/2015