كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی كۆتایی هات.. وردەكارییەكان بزانە (نوێکرایەوە)
كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی سەبارەت بە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمی كە ئەمرۆ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، كۆتایی پێهاتو بریارە كۆتایی ئەم هەفتەیە جارێكی دیكە كۆبوونەوە.
پاش كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ، فوئاد حسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسی وردەكاریی كۆبوونەوەكەی باس كرد.
فوئاد حسێن وتی: لە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆدا جەختی لەسەر ئەوە كرایەوە كە هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەر یەكڕیز بنو بە یەكڕیزی خۆیان ئەم پرۆسەیە، ببەن بەڕێوە.
وتیشی: لەكۆبوونەوەكەی ئەمرۆدا لەلایەن حیزبەكانەوە كۆمەڵێك پێشنیاری تازە خراوەنە بەرباس كە باس لە ئالیەتی هەڵبژاردنو دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم دەكەنو هەندێكیان پێشنیاری تازەنو، موناقەشی باشی لەسەركرا. هەربۆیە داوا لەحیزبەكان كرا جارێكی دیكەی بۆ سەركردایەتی خۆیان بگەڕێنەوە، چونكە پێشنیارەكان لەلایەنی جیاجیا هاتبوو، لەكۆبوونەوەی داهاتوو بەنوسراو پێشنیارەكانیان بێننەوەو تا قسەو باسی لەسەر بكرێت.
بەوتەی فوئاد حسێن، كۆبوونەوەكان تا ئێستا باش بووە، راستە تاخیر بوونی بووە، بەڵام مەسەلەكان گرنگنو هەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم نیە، لەكۆبوونەوەكەدا داهاتووی كوردستان باس دەكرێت كێشەو قەیرانەكان باس دەكرێت كە روویان لەكوردستان كردوە.
فوئاد حسێن وتیشی كۆبوونەوەی داهاتووی پێنج لایەنەكە رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو بەڕێوە دەچێت.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێم وتیشی: كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ بە تێكڕا كردەوەی هێرشكردنەسەر بارەگای یەكگرتووی ئیسلامییان لە چەمچەماڵ ئیدانە كردو خوازیاری دەستگیركردنی بكەرانی ئەو كردەوەیە بوون.
PM:04:29:13/09/2015