گۆڕان داوا له عه‌بادی ده‌كات ده‌سبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی ببێت
سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، داوا له حه‌یده‌ر عه‌بادی ده‌كات ده‌ست له پۆسته حیزبییه‌كه‌ی بكێشێته‌وه‌و سوریش بێت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی سیاسه‌تی كاركردنی حكومه‌ته‌كه‌ی جیاواز بێت له سیاسه‌تی كاركردنی حكومه‌تی پێشوو.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا كه نوسینگه‌كه‌ی بڵاویكردووه‌ته‌وه، هۆشیار عه‌بدوڵا سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رایده‌گه‌یه‌نێت: "به‌پێی ئه‌وه‌ی ئێمه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوانی ئه‌و هه‌وڵه چاكسازییانه ده‌كه‌ین كه عه‌بادی ده‌ستی پێكردووه، هیواداریشین سوور بێت له‌سه‌ر سه‌ركه‌وتنی كاره‌كه‌ی، ئه‌ویش له رێگه‌ی پاپه‌ندبوون به‌چه‌ندین خاڵه‌وه كه تیایاندا جیاوازی كاركردنی حكومه‌ته‌كه‌ی له سیاسه‌تی حكومه‌تی پێشوو ده‌رده‌كه‌وێت".
هه‌روه‌ها به به‌یاننامه‌كه‌دا هۆشیار عه‌بدوڵا رونیده‌كاته‌وه: له رابردوودا یه‌كێك كه پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی وه‌رده‌گرت ده‌بوایه له ناو حیزبه‌كه‌یدا پۆستی به‌هێز و بونێكی دیاری هه‌بێت، به‌ڵام ئێمه پیشنیار بۆ عه‌بادی ده‌كه‌ین به پێچه‌وانه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه كاربكات.
له به‌یاننه‌كه‌شدا سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان، پێشنیاری وازهێنان له پۆسته حیزبییه‌كه‌ی بۆ سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كات و ده‌شڵێ: "پێشنیار بۆ عه‌بادی ده‌كه‌ین واز له پۆسته حیزبییه‌كه‌ی بهێنێت، بۆ ئه‌وه‌ی ئینتیمای حیزبی نه‌بێ و ئینیمای بۆ نیشتیمان هه‌بێت، له ئێستادا گه‌لی عێراق پشت به عه‌بادی ده‌به‌ستێت ئیتر چ پێویستییه‌كی به پۆستی حیزبی هه‌یه؟".
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه: "ئێمه باش ئه‌وه ده‌زانین هه‌ركه‌س پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران وه‌ربگرێت، ئیجباری نییه له‌سه‌ری واز له پۆسته حیزبییه‌كه‌ی بهێنێت، به‌ڵام عێراقییه‌كان گرێیه‌كی ده‌رونیان هه‌یه به‌رامبه‌ر ناوی حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار، هه‌روه‌ها پۆستی سه‌رۆك وه‌زیران حه‌ساسه و كاته‌كه‌شی حه‌ساسه، بونی حیزبی ده‌عوه‌ش له ئێستادا له حكومه‌ت و له ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندا به‌هێزه، ئه‌وه‌ش له گه‌ڵ رێزمان بۆ مێژووی ئه‌م حیزبه و خه‌باتكردن دژی رژێمی دیكتاتۆری".
هۆشیار عه‌بدوڵا جه‌ختله‌وه‌ده‌كاته‌وه كه پێویسته عه‌بادی به پابه‌ند بێت به ده‌ستور و بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی پابه‌ندی ده‌ستوره، پێویسته له‌سه‌ری ده‌سبه‌رداری ره‌گه‌زنامه به‌ریتانییه‌كه‌ی ببێت، هه‌روه‌ها پێویستیشه چاكسازییه‌كانی له چوارچێوه‌ی داموده‌زگاكانی ده‌وڵه‌تدا بێت، دژی ئه‌و بنه‌مایه‌ش بوه‌ستێته‌وه كه خۆی به‌رپرسێكی پێویسته و رزگاركه‌ری عێراقه.
ده‌شڵێ: "پێویسته له‌سه‌ر عه‌بادی پاپه‌ند بێت به‌وه‌ی كه مه‌فهومی ده‌وڵه‌ت ده‌وڵه‌ته نه‌ك كه‌سی، ئه‌وه‌ی بڕیار ده‌دات ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه نه‌ك حه‌یده‌ر عه‌بادی".
هۆشیار عه‌بدوڵا له كۆتایی به‌یاننامه‌كه‌یدا رونیده‌كاته‌وه "له رابردوودا چه‌ند هه‌وڵێك بۆ دژایه‌تی ده‌سه‌ڵاتی یاسادان هه‌بوو، بێ گوێدانه ئه‌وه‌ی روویدا، پێویسته له‌سه‌ر عه‌بادی رێز له په‌رله‌مان بگرێت و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵدا به‌هێز بكات و بۆ زۆربه‌ی بابه‌ته‌كان بگه‌ڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مان و ئه‌گه‌ر پابه‌ندیش بێت به‌وه‌وه ئه‌وه له سیاسه‌تی كاركردنی حكومه‌تی پێشوو جیاواز ده‌بێت و هه‌وڵه چاكسازییه‌كانیشی سه‌ر ده‌گرێت".
PM:05:14:20/09/2015