تەقە لە پەرلەمانتارێکی یەکێتی كرا‌و كوڕەكەی برینداربوو

لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە تەقەی پەرلەمانتارێكی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت‌و كۆڕەكەی بریندار دەبێت.

شەوی ڕابردوو لەناحیەی شوانی سەر بەپارێزگای کەرکوک، دوای تەقاندنەوەی بۆمبێکی چێندراو، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەستڕێژی گوللە لەئەندامێکی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کراو بەو ھۆیەشەوە کوڕەکەی برینداربوو.

محەمەد عوسمان ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی راگەیاند:"کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی شەوی ڕابردوو، میوانی بەڕێوەبەری پۆلیسی ناحیەی شوان بووین لەگوندی تۆمارو گورگان، بەدووری ١٠٠ مەتر، بۆمبێکی چێندراو تەقیەوە".

وتیشی:"بەڵام ھەستمانکرد ئەو تەقینەوەیە (بۆمب) بوو لەدژی ئێمە، بۆیە ئامادەکاری تەواومان دەستپێکرد، دوای چەند خولەکێکیش دەستڕێژی گوللەمان لێکرا".

ئاماژەی بەوەشدا، بەتوندی وەڵامی ئەو چەکدارە نەناسراوانەیان داوەتەوەو ناچاریان کردوون ناوچەکە جێبھێڵن، "بەڵام ھیچ کەسێکیان لێ دەستگیرنەکراوە".

ئەوەشی وت:"لەشوێنی ڕووداوەکە دوو جلیکانی پڕ لە TNTو دوو تۆپ وایەرو پاتریەک بەجێماوە".

سەبارەت بەزیانەکانیشیان لەئەنجامی ئەو ڕووداوەدا محەمەد عوسمان وتی:"کوڕەکەم فیشەکێک بەر سنگی کەوتوەو بەسووکی بریندارکراوە، جگە لەوەش فیشەکی تر بەر ئۆتۆمبێلەکانمان کەوتووە".

گوندی تۆمارو گورگانی سەر بەناحیەی شوان، بەدووری ٢٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باکوری پارێزگای کەرکوک و ناوچەیەکی کوردنشینە.




PM:02:06:23/09/2015