بەھۆی ئاوارەی عەرەبەوە چەند قوتابخانەیەکی کوردی دادەخرێت

بۆ دابینكردنی قوتابخانەی تایبەت لە ئاوارە عەرەبەكان، چەند قوتابخانەیەكی كوردی لە لایەن پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانییەوە دادەخرێن.

لەمبارەیەوە مامۆستا کەمال نوری بەرێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕایگەیاند:بڕیارە لەشاری سلێمانی سێ قوتابخانەی کوردی دابخەین و دوو قوتابخانەی دیکەش تێکەڵ بکەین، تا بتوانین چەند بینایەک بۆ خوێندکارە ئاوارە عەرەبەکان دابین بکەین، ئەو قوتابخانانەی دامانخستووە، نزیکەی ١٢٠ خوێندکاریان ھەبووە، قوتابخانەی عەرەبیش ھەیە، زیاتر لە ھەزار خوێندکاری ھەبووە، لەگەڵ خوێندنگەیەکی کوردیدا لەبینایەکدا جێگەمان کردونەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ھیچ گرفتێک بۆ ئەو خوێندکارە کوردانە دورست نابێت کە قوتابخانەکانیان دادەخرێن، لەبەرئەوەی سەرجەمیان دەگوازرێنەوە بۆ نزیکترین قوتابخانە لەخۆیانەوە.

بەرێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوای شاری سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ دابینکردنی چەند بینایەک بۆ خوێندکارە عەرەبە ئاوارەکان، چەند خوێندنگەیەکی کوردییان نەھێشتووە.

پێشتر ھەریەکە لەبەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەیەکی سلێمانی بەناوی(شەنگ)، کە لەگەڕەکی شەکرەکەی سلێمانی بوون، سکاڵایەکیان ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کرد لەبارەی داخستنی قوتابخانەکەیان و کردنەوەی قوتابخانەیەکی عەرەبی لەجێگەی ئەوان، سکاڵاکەیان بەھەند وەرنەگیرا، بەڕێوەبەری پەروەردەی رۆژئاوا دەڵێت:"سێ خوێندنگەی کوردی دادەخەین".




PM:06:12:27/09/2015