داوا لە هاوڵاتیانی هەرێم دەكرێت سەردانی بەغدا نەكەن
ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق داوا لەهاوڵاتیانی هەرێمو ناوچە دابڕاوەكان دەكات سەردانی بەغدا نەكەن.
هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، رایدەگەیەنێت: بە پێی ئامارە نافەرمییەكان كە دەست لیژنەكەمان كەوتووە، لە سەرەتای مانگی ئەیلولەوە تا ئێستا 40 كەس لەناو شاری بەغدا و 80 كەس لەرێگەی نێوان (كەركوك و ناوچە دابڕاوەكان –بەغدا) رفێنراون كە كورد و توركمانیشی تێدایە.
وتیشی: بەڵام بە پێی زانیارییەكانم ژمارەی ئەو كەسانەی رفێنراون زۆر زیاترە لەو ئامارە نافەرمییەی خراوەتە بەردەم لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەران عێراق.
لە بارەی ئەو كەسانەوە هۆشیار عەبدوڵا، زانیاری داو، وتی: ئەو كەسانەی كە رفێنراون، لە هاوڵاتییەوە تا بەرپرسانی حكومی تێدایەو یەكێكیش لەوانە بریكاری وەزیری دادی حكومەتی عێراقە.
ئەندامەكەی لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئەنجومەنی نوێنەران هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان، كە سەفەری بەغدا نەكەن ئەگەر بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت، ئەویش بە هۆی دۆخی رفاندنی هاوڵاتیان و كە لە عێراق دەستی پێكردووە، دەشڵێ: لە كاتی پێویستدا نەبێت سەفەر نەكەن تا دۆخەكە دەگاتەوە دۆخی ئاسایی و بارودۆخەكە كۆنتڕۆڵ دەكرێت، خۆ ئەگەر سەفەریی بەغداشیان كرد با لە رێگەی فڕۆكەوە سەفەر بكەن.
هۆشیار عەبدوڵا، باس لەوەشدەكات لە كۆبوونەوەكەی لیژنەی بەرگری و ئاسایشدا داواكراوە كە وەزیری ناوخۆ لەسەر دۆخی رفاندنی هاوڵاتیان میوانداری بكرێت و رونكردنەوەی خۆی بداتە لیژنەكە.
PM:04:56:30/09/2015