پارتی: بەتوندی ئیدانەی ئەو رەفتارەی پەكەكە دەكەین
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی داوا دەكات پەكەكە سێ هاوڵاتی گوندی زارگەلی ئازاد بكات و بە توندی ئیدانەی ئەو كارەی پەكەكە دەكات.
د. فرسەت سۆفی ؛پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی؛ لە لاپەرەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك ڕایگەیاندوە، ڕۆژی شەممە ڕێكەوتی 3/10/2015 لە گوندی زارگەلی چەكدارانی پەكەكە سێ هاونیشتمانی دانیشتووی ئەو گوندەیان ڕفاندوە و بۆ شوێنێكی نادیاریان بردون.
دەشڵێت: "ڕفێنراوەكان كەسوكاری ئەو هاونیشتمانیانەن، كە لە ماوەكانی ڕابردوودا بە هۆی بۆردومانی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیاوە شەهید بوون".
ڕاشیگەیاندوە، وەك فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان، لە كاتێكدا بە توندی ئیدانەی ئەو ڕەفتارەی پەكەكە دەكەین، داواكارین بە زووترین كات ڕفێندراوان ئازاد بكرێن.
ئاماژی بۆ ئەوەشكردوە، هەموومان قەرزاری كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانین و لەسەرمان پێویستە، كە بە ڕێزەوە هەڵسوكەوتیان لەگەڵدا بكەین، بەڵام بە داخەوە چەكدارانی پەكەكە بە ڕفاندن وەڵامی كەسوكاری شەهیدانیان داوەتەوە.
PM:05:28:04/10/2015