رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی، داعش ئەمجارە لەبری کلۆر چەکی خەردەلی دژی پێشمەرگە بەکارهێناوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند، لە ڕێگای پشکنینی تاقیگە پزیشکییەکانەوە بۆیان دەرکەوتووە، چەکدارانی داعش لە هێرشێکیاندا کە لە مانگی ئابدا ئەنجامدراوە، مادەی (خەردەل کبریت) یان بەکارهێناوە لە بەرامبەر هێزەکانی پێشمەرگەدا.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەدا کە وێنەیەکی بۆ سپی نێردراوە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن پشکنینی تاقیگەیی لە تاقیگەیەکی باوەڕپێکراو لە دەرەوەی وڵات بۆ خوێن و شوێنەوار و ئاوسانەکانی پێستی ئەو پێشمەرگانە لە باشووری ڕۆژئاوای هەولێر بەهۆی هێرشێکی داعشەوە برینداربوون کراوە دەرکەوتووە چەکدارانی داعش چەکی کیمیاوی جۆری خەردەلیان بەکارهێناوە.
لە بەرواری ٢٠١٥/٨/١١ دا چەکدارانی داعش بەهاوەن هێرشیان کردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە باشووری ڕۆژئاوای پارێزگای هەولێر و لە کۆی ٥٠ گوللـە هاوەن و ٣٧ دانەیان تەقینەوە و لەکاتی تەقینەوەی هاوەنەکانیشدا دووکەڵێکی سپی و شلەیەکی ڕەش بڵاوبووەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، بە هاوکاری هاوپەیمانان ئەو ٣٥ پێشمەرگەیەی بەهۆی تەقینەوەی هاوەنەکانەوە برینداربوون پشکنیانیان لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەنجامدراوە و دەرکەوتووە مادەی خەردەل کبریت بەکارهێنراوە.
خەردەل کبریت، مادەیەکی کیمیاییە و دەبێتە هۆی سووتانی پێست و چاو، پەردەی گەدە و بۆری هەناسە، هۆکاریشە بۆ سوتانەوە و خوران و سووربوونەوەی پێست و ئاوسانی، هەندێک لە نیشانەکانیش لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا دەردەکەوێت.
پێشتریش لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند داعش لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ دا مادەی کلۆری لە هێرشەکانیاندا بەکارهێناوە.