یەكگرتوو: پارتی یەكێك لە بژاردەكانی چوار لایەنەكەی قبوڵ كردوە

ئەندامێكی وەفدی دانوستانكاری یەكگرتووی ئیسلامی لە كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی سەبارەت بە كۆبوونەوەكەی ئەمرۆ ئاشكرایكرد كە پارتی یەكێك لە بژاردەكانی چوار لایەنەكەی قبوڵ كردوە بەڵام داوای دەسەڵاتی زیاتر بۆ بارزانی دەكات.

لەمبارەیەوە ئەبوبەکر ھەڵەدنی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان و بەشدار لەکۆبونەوەی پێنج قۆڵی بە تۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند، لەکۆبونەوەکەی ئەمڕۆدا پارتی بەفەرمی و لەڕێگەی نوسراوەوە وەڵامی چوارلایەنەکەی دایەوەو پڕۆژەیەکی نوێی خستەڕوو.

لەبارەی پڕۆژەکەی پارتیشەوە ھەڵەدنی ئاشکرایکرد، پارتی داوایکردوە سەرۆکی ھەرێم لەناو خەڵک ھەڵبژێردێت، بەڵام دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی ھێزە چەکدارەکانی ھەبێت.

وتیشی:"دوای ئەوەی وەڵام و داواکاریەکەی پارتیمان تاوتوێکرد، دەچینەوە کۆبونەوەی پێنج قۆڵی بۆئەوەی دوا قسە لەوبارەیەوە بکەین".
نەشیشاردەوە، ئەو داواکاریەی پارتی بۆ دەسەڵاتی سەرۆکی ھەرێم، لەیاسا کۆنەکەی سەرۆکایەتی ھەرێمیشدا ھەیە، "پێشووتریش ھەمان داواکارییان ھەبووە".

كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی تا ئێستا بەردەوامە‌و هاوكات خۆپیشاندان لە نزیك شوێنی كۆبوونەوەكە‌و شەقامەكانی دەوروبەری هۆڵی كۆبوونەوەكە بەردەوامە‌و شەقامەكانی سالم، بەختیاری لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە داخراوە.




PM:03:41:08/10/2015