پارتی پەیامێكی توند ئاراستەی نەوشیروان مستەفا دەكات
مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان راگەیەندراوێك بڵاودەكاتەوەو تیایدا، هێرشی توند دەكاتە سەر خودی نەوشیروان مستەفاو یەكێتیش بە كەمتەرخەم لەقەڵەم دەدات لە پاراستنی بارەگاكانی.
لە راگەیەندراوێكدا مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئێمە نەوشیروان مستەفا و دارودەستەكەی بە بەرپرسیاری یەكەمی ئەو كارە تێكدەرانە و ئاڵۆزی دروستكردنە دەزانین و وەڵامی گونجاومان دەبێت و بەدڵنیاییەوە دەبێت پیلانگێڕان باجی ئەم دەستدرێژیانەیان بدەن.
دەقی راگەیەندراوەكە:
هاووڵاتیانی خۆشەویست و خۆڕاگری كوردستان...
ئاگادارن كە لەم چەند رۆژەی رابردوودا زنجیرە كارێكی تێكدەرانە بەرامبەر هەندێ لە بارەگاكانی پارتیمان، پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سنوری پارێزگای سلێمانی و گەرمیان لەژێر ناوی خۆپیشاندانی جەماوەری، ئەنجامدرا، كە لەڕاستیدا خۆپیشاندانەكان خۆڕسك نەبوون، بەڵكو پێشوەختە پلان بۆداڕێژراوبوون بۆ تێكدانی بارودۆخ و پەلاماردانی بارەگاكانمان، لەكاتێكدا پارتیمان بەهەموو هێز و تواناوە خەریكی بەرگریكردنە لە كوردستان لە بەرامبەر تیرۆرستانی داعش.
ئێمە نەوشیروان مستەفا و دارودەستەكەی بە بەرپرسیاری یەكەمی ئەو كارە تێكدەرانە و ئاڵۆزی دروستكردنە دەزانین و وەڵامی گونجاومان دەبێت و بەدڵنیاییەوە دەبێت پیلانگێڕان باجی ئەم دەستدرێژیانەیان بدەن. لەهەمان كاتدا دامودەزگاكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە كەمتەرخەم دەزانین لەپاراستنی بارەگاكانمان لە كاتێكدا ئۆرگانەكانی پارتیمان بەهیچ شێوەیەك بەرپرس نەبوون و نین لەهەبوونی كەموكوڕی و كەمی خزمەتگوزاری لەو ناوچانەدا، چونكە دیارە كە بەرپرسیاریەتی ئیداری و خزمەتگوزاری ئەو دەڤەرە لەئەستۆی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و گۆڕان _دایە، هەروەكو چۆن دەزگاكانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەكان و ئیدارەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەو ناوچانە بەبەرپرسیار دەزانین لە پاراستنی بارەگاكانی دیكەمان و سەروماڵی ئەندام و كادیران و جەماوەری پارتیمان.
هاووڵاتیانی بەڕێز و خۆشەویست..
تاكوئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان دانی بەخۆداگرتووە و هێمنی ناوچەكانی ژێردەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی پاراستووە، ئەویش لەبەر بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان و، هیچ هەنگاوێكیشی نەناوە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم پیلان و دەستدرێژییە ناڕەوایانە، بەڵام ئیمڕۆش تاوەكو ئەم ساتەش نەوشیروان و تاقمەكەی هەر سورن لەسەر جێبەجێكردنی پیلانەكەیان، بۆیە پارتی دیموكراتی كوردستان بەحەقی رەوای خۆی دەزانێت هەرهەنگاوێك بنێ كە بەگونجاوی بزانێ بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەم ئاژاوەگێڕی و پیلانە تێكدارانە. پارتی وەك هەنگاوی یەكەم خۆی بە ئازاد دەزانێ لە رێككەوتنەكانی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و بەشداری تاقمی نەوشیروان تیایاندا.
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان...
پارتی دیموكراتی كوردستان باوەڕی بەتینە بەسەركەوتنی گەلەكەمان بەسەر دوژمنانی جۆراوجۆری مافە رەواكانی و چارەسەری ئەو كێشە و قەیرانانەی روبەڕوی دەبێتەوە، لێرەدا داوا لە ئەندام و كادیران و جەماوەری تێكۆشەری پارتیمان دەكەین كە هیچ پەرچەكردارێك نیشان نەدەن و هێمنی شارو شارۆچكەكان بپارێزن و، وەكو هەمیشە بەرپرسیارانە لەگەڵ بارودۆخەكە رەفتاربكەن، سەركەوتن بۆ گەلەكەمانە..
بژی كورد بژی كوردستان...
مەكتەبی سیاسیی
پارتیی دیموكراتی كوردستان
10/10/2015
PM:08:52:10/10/2015