پارتی: بەهیچ شێوەیەک دژایەتی بزوتنەوەی گۆڕانمان نەکردووە
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بزوتنەوەی گۆڕان دەستپێشخەری کردووە لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتییدا.
دڵشاد شەهاب ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە NRT ڕایگەیاند، پارتی بەهیچ شێوەیەک دژایەتی بزوتنەوەی گۆڕانی نەکردووە و دەستپێشخەری نەکردووە لە تێکچوونی پەیوەندییەکان، بەڵکو گۆڕان بە پابەندنەبوون بە بەڵێنەکانی بۆ پشتگیریی حکومەت و نەبردنە سەری چوار ساڵ ئارامی و سوتاندنی بارەگاکانی پارتی، دەستپێشخەریکرد لە تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان.
هەروەها وتیشی گۆڕان وەک چۆن دەستپێشخەر بووە، خۆشی دەبێت بزانێت بەرنامەی چییە و چۆن ئەم بارودۆخە ئاسایی دەکرێتەوە.
تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی و گۆڕان دوای ئەوە هات، ژمارەیەک بارەگاکانی پارتی لە سنوری پارێزگای سلێمانی سوتێنران، دواتریش پارتی بڕیاریدا بە دوورخستنەوەی وەزیرەکانی گۆڕان لە حکومەت و هەروەها ڕێگەی نەدا سەرۆکی پەرلەمان بگەڕێتەوە بۆ هەولێر.
PM:04:05:14/10/2015