جڤاتی نیشتمانی گۆران بێ نەوشیروان مستەفا لە کۆبوونەوەدایە

ئەمڕۆ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بەبێ رێکخەرەکەی قورسترین کۆبوونەوەی خۆی سازدەکات.

میدیاکانی گۆڕان رایانگەیاند ئەمڕۆ ١٠/١٥ جڤاتی نیشتمانی گۆڕان کە باڵاترین دەستەی ناو بزووتنەوەیە لەسەر پرسی خۆپیشاندانەکان و ئیزندانی وەزیرەکانیان و رێگرتن لە سەرۆکی پەرلەمان کە بچێتە هەولێرەوە کۆبوونەوەیەکی گرنگ بەبێ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەکە سازدەکات.

بەپێی زانیاریەکان هەرچەندە نەوشیروان مستەفا لە دەرەوەی وڵاتەو لە بەریتانیایە، بەڵام بەردەوامە لەپەیوەندیکردن لەگەڵ بەرپرسە دیارەکانی گۆڕان.

گۆڕان ئەمڕۆ دەبێت بڕیار لەسەر ئەو داوایانەی پارتی بدات کە لەکۆبوونەوەی لەگەڵ یەکێتیدا باسی لێوەکردوون کە ئەوانیش " گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان و دوورکەوتنەوە لە پرسی سەرۆکی هەرێم و راگرتنی پرۆسەی رەخنە لەم بارودۆخە".

هەروەها لەو پرسانەی تر کە دەبێت شێوەی پەیوەندی خۆی لەگەڵیدا رێکبخات مامەڵەکردنە لەگەڵ هەر سێ لایەنی یەکگرتوو و کۆمەڵ و یەکێتی، بەتایبەتی یەکێتی بەو پێیەی هێزێکی گەورەی سیاسی و سەربازییە و پارتی هەژمارێکی تایبەتی بۆ دەکات. 

 




PM:12:24:15/10/2015