لە یاداشتێکدا کە واژۆی زیاتر لە ١٠٠٠ کەسایەتی و رۆشنبیرو چالاکوانی لەسەرە، داوای کردنەوەی نوسینگەکانی کەناڵی NRT دەکەن لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، بەو پێیەی ئەم کەناڵە مۆڵەتی رەسمی لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێدراوە.
NRT لە هەڵمەتێکی واژۆکۆکردنەوەدا کە لە ٤٨ کاتژمێردا ئەنجامدراوە، زیاتر لە هەزار کەسایەتی ناسراو و پەرلەمانتار و چالاکی سیاسیی و ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوک و دهۆک و هەڵەبجە و شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێم و دەرەوەی وڵاتیش یاداشتێکیان لەبارەی داخستنی نوسینگەکانی NRT لە هەولێر و دهۆک واژۆکردووە و ئاڕاستەی بەرپرسانی هەرێمیان کردووە.
دامەزراوەی میدیای نالیا وەک لە ڕاگەیەنراوەکەی شەوی 10ی ئەم مانگەدا ڕایگەیاند مۆڵەتی فەرمی لە حکومەت وەرگرتووە و حکومەتی هەرێم دەبێت ڕوونکردنەوە بدات لە سەر داخستن و داگیرکردنی نوسینگەکانی NRT لە شارەکانی هەولێر و دهۆک، بەو پێیەی کە سەرباری ئەوەی ئەو نوسینگانە موڵکی دامەزراوەی میدیایی نالیان بەڵام ڕێگە نادرێت کە تەنانەت کارمەندەکان سەردانی نوسینگەکانیش بکەن نەک کاری رۆژنامەوانی، هەروەها جەختیشی لە پابەندبونی دامەزراوەکە کردووە بەو بنەما پیشەییانەی لە پێناویدا کاردەکات و لە پێنج ساڵی ڕابروودا کاری پێکردووە.