" هیچ کاتێک هێندەی ئێستا ژیانی پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش لە مەترسیدا نەبووە"

سەرچاوەیەکی ئەمنی شارەزا لەسەر ئۆپراسیۆنەکەی بەرەبەیانی ١٠/٢٢ رایگەیاند" ئەو ئۆراسیۆنە لەرووی ئیستخباراتیەوە شکستی هێناوەو بەمەش گیانی پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش لەبەردەم مەترسی گەورەدایە".

بەپێی راگەیاندنەکانی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاو ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە ئۆپراسیۆنی هاوبەشی هێزێکی تایبەتی ئەمەریکاو دژە تیرۆر ٦٩ کەس رزگارکراون کە هیچیان پێشمەرگە نین.

سەرچاوەیەکی ئاگادارو شارەزای ئەمنی بە سپی راگەیاند " ئەو ئۆپراسیۆنە بۆ ئەمەریکاو هێزەکانی بە سەرکەوتنێکی گەورە هەژمار دەکرێت، بەلآم بۆ کورد رەنگە لەرووی سیاسیەوە وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمەریکا سوودی هەبێت، بەلآم لەرووی ئیستخباراتیەوە ئۆپراسیۆنێکی شکسخواردووەو ئەو ئامانجەی بۆی نەخشەکێشراوە نەتوانراوە بەدی بهێنرێت".

سەرچاوە ئەمنییەکەی سپی کەنەیوست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند" ئامانجی ئەو ئۆپراسیۆنە لای کورد ئازادکردنی پێشمەرگە دیلەکانی لای داعش بووە کە بەپێی لێدوانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە ٦٢ پێشمەرگەن".

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش لە کۆنگرە رۆژنامەگەریەکەیدا چەند جارێک جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو ئۆپراسیۆنە لەسەر داوای حکومەتی هەرێم ئەنجامدراوە.

سەرچاوەکەی سپی پێیوایە ئەو زانیاریە ئەمنی و ئیستخباراتیانەی لای بەرپرسانی ئەمنی کورد کۆکراونەتەوە لەسەر ئەو دەستگیرکراوانەی ئەو زیندانەی داعش کە دەکەوێتە گوندی  ئەلفزێح لە نێوان ناحیەی زاپ و ناحیەی قەراج و نزیك حەویجە، ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە ئەوانەی لەو زیندانەدان پێشمەرگە دیلەکانن.

هەربۆیە حکومەتی هەرێم داوای لەئەمەریکا کردووە ئەو ئۆپراسیۆنە هاوبەشە ئەنجام بدەن، بەلآم کاتێک ئەو هێزانە   ٦٩ زیندان رزگاردەکەن و هیچیان ئەو پێشمەرگانە نین لای داعش زیندانین، ئەمە ئەوە راستیە دەگەیەنێت ئەو ئۆپراسیۆنە لەرووی زانیاری ئیستخباراتیەوە  شکستیخواردووە.

سەبارەت بە ئایندەی ئەو دیلە پێشمەرگانەی لای داعش زیندانن، سەرچاوەکەی سپی وتی " دوای ئەو ئۆپراسیۆنە کە نەیتوانی پێشمەرگە کوردەکان رزگاربکات، ئێستا لەهەموو کاتێک زیاتر ژیانیان لە مەترسیدایە، ئەگەری زۆر لەئارادیە وەک تۆڵەکردنەوەیەک بەرامبەر پێشمەرگە و هەرێم چەکدارانی داعش هەموو ئەو دیلانە بکوژن".




AM:01:20:24/10/2015