پەروەردە لەسەر ئەو مامۆستایەی خۆی كوشت روونكردنەوە دەدات

پاش ئەوەی دوێنێ شەممە مامۆستایەك لە سلێمانی كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا، ئەمرۆ بەڕێوەبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی رایگەیاند، خۆكوشتنی مامۆستایەك لەم بارودۆخەدا شیكردنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، بەڵام ڕەنگە زیاتر هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆئەوەی بارودۆخ و گوزەرانی ژیانی خراپ بووبێت.

كەمال نوری بەڕێوبەری پەروەردەی ڕۆژئاوای سلێمانی، لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لەم ماوەیەدا ئەوە دووەم مامۆستایە، كە خۆی دەكوژێ.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەمە زەنگێكە بۆئەوەی نەهێڵین چیتر ئەم حاڵەتە دووبارە بێتەوە، چونكە ئەگەر ئەمە دووبارەبێتەوە، دەبێتە دیاردە، بۆیە پێویستە حكومەت و دەسەڵات بەجدی بیر لەم مەسەلەیە بكەنەوە و هەروا بەئاسانی تێنەپەڕێت، كە ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەران لەدۆخیكی زۆر خراپدان.

باسی لەوەشكرد، تائێستا هۆكاری خۆكوشتنی ئەو مامۆستایە دیارنییە، بەڵام ئەوەندەی زانیاریمان هەیە ئەو مامۆستایە هیچ كێشەیەكی كۆمەڵایەتی نەبووە، بەڵام خۆكوشتنی مامۆستایەك لەم بارودۆخەدا شیكردنەوەی زۆر هەڵدەگرێت، ڕەنگە زیاتر هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆئەوەی بارودۆخ و گوزەرانی ژیانی خراپ بێت، هەرچەندە لەكۆتاییدا بەتەواوی ڕوون دەبێتەوە هۆكاری خۆكوشتنەكەی چییە.




PM:01:58:25/10/2015