یەکێتی: حکومەتی هەرێم وەک قومار یاری بەنەوتەوە دەکات

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت: حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک قومار یاری بەنەوت دەکات.

ئاڵا تاڵەبانی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لەپەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ nrt دەڵێت: حکومەتی هەرێم وەک قومار یاری بەنەوتەوە دەکات، رۆژێک لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوێت، رۆژێک رێککەوتنامەکە هەڵدەوەشێنێتەوە.

لە درێژەی قسەکانیدا، تاڵەبانی دەڵێت "ئێستا حکومەتی هەرێم، هەر کێشەی نەوتی لەگەڵ بەغدا ماوە، بەداخەوە هیچی نەماوە لەگەڵ بەغدا، نە باسی مادەی ١٤٠ دەکات، نە ناوچە جێ ناکۆکەکان، نە پڕچەککردنی پێشمەرگەو پێدانی چەک دەکرێت، تەنها ئێستا مەسەلەی نەوت ماوە، قوتی خەڵکی هەرێمیش بەستراوەتەوە بەنەوتەوە، کە بەداخەوە حکومەتی هەرێم وەک قوماری یاری پێدەکات، رۆژێک لەگەڵ بەغدا رێکدەکەوێت، رۆژێک تێکدەدات".

سەبارەت بە پرسی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، ئارام شێخ محەمەد کە پارتی هەوڵدەدات بیگۆڕێت، ئاڵا تاڵەبانی دەڵێت" ئێمە لە چۆنییەتی کارکردنی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕازین و لەگەڵ ئەوەداین لە پۆستەکەیدا بمێنێتەوە".
وتیشی" ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ لابردنی دەبێت لە ڕێگای پەرلەمانی عێراقەوە بێت و دەنگی ئەندامانی پەرلەمان بەدەست بهێنێت."




PM:06:00:25/10/2015