نەوتی هەرێم بە بۆری رەوانەی ئێران دەكرێت
بەوتەی نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئێران، پرۆژی راكێشانی دوو بۆری نەوتو غاز لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران رەزامەندی هەردوو لای لەسەر دراوەو تەنها بڕیاری جێبەجێكردنی ماوە.
نازم دەباغ رایگەیاند: راكێشانی دوو بۆری نەوت و غاز لە هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران بەمەبەستی هەناردەكردنی نەوت و غاز لە كوردستانەوە بۆ ئەو وڵاتە، پڕۆژەیەکە کە زۆر دەمێكە حكومەتی ئێران و هەرێمی كوردستانیش رەزامەندیان نیشانداوە، تەنیا بڕیاری جێبەجێكردنی ماوە.
نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئێران، بە رووداوی وت:" لەسەردەمی سەرۆكایەتی ئەحمەدی نەژادەوە ئێران رەزامەندی بۆ كارێكی وەها نیشانداوەو حكومەتی هەرێمی كوردستانیش رەزامەندە، تەنیا بڕیاری دەستپێكردنی ماوە، لەدواسەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ ئێرانیش ئەم پرسە خرایەوە بەرباس و بەهیواین هەردوو لایەن بەزووترین كات گرێبەست بۆ دەستپێكردنی ئەوكارە واژۆ بكەن، چونكە پێویستیەكە بۆ هەر دوو لایەن".
هەر لەسەر ئەو پرسە، عادل عەبدولمەهدی وەزیری نەوتی عێراق لە لاپەڕەی فەرمی خۆی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، نووسینێكی بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی "عێراق ماوەیەكی زۆرە لەگەڵ ئێران گفتوگۆ دەكات بۆهەناردەكردنی نەوتەكەی لەرێگای كوردستانەوە بۆ ئێران".
PM:03:04:03/11/2015