ژمارەیەک خوێندکاری زانكۆی سلێمانی دادگایی دەکرێن
زانکۆی سلێمانی
بەهۆی بەشدارییان لەگردبوونەوەیەكی ناڕەزایی سەرۆكایەتی زانكۆی سلێمانی سكاڵای یاسایی لەسەر ژمارەیەك لەخوێندكاران تۆمار دەكاتو دەیاندات بە دادگا.
یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سلێمانی رایگەیاند بە پێی رێنماییەكانی هەر خوێنكارێك رەوشی خوێندن لەزانكۆ تێكبدات، دەتوانرێت بۆ ماوەی ساڵێك یان هەتاهەتایی لە خوێندن دووربخرێتەوە.
د. ئاراس زەینەڵ، سەبارەت بەگردبوونەوەی خوێندكارانو داخستنی دەرگاكان بەڕووی مامۆستاو فەرمانبەران وتی: : ئەو خوێندکارانەی کەدەرگای ھاتنە ژورەوەی زانکۆیان لە مامۆستایان و فەرمانبەران داخست بوونە ھۆی ئەوەی ڕەوشی خوێندن لەزانکۆ تێکبچێت، بۆیە لێکۆڵینەوەی یاساییان لەگەڵدا دەکەین، لیژنەی لێکۆڵینەوەش دروستکراوە وێنەو ناوی خوێندکارەکانمان لایە.
ئاشکراشیکرد کە وەک سەرۆکایەتی زانکۆی سلێمانی لەدادگا بەڕەسمی سکاڵایان لەسەر ئەو خوێندکارانە تۆمارکردوەو پێدەچێت لەچەند ڕۆژی داھاتوو دادگا دەست بەلێکۆڵَینەوەکان بکات.
یەكشەممەی رابردوو دوای ئەوەی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی بڕیاریدا کە چیتر خوێندکاران مافی ئەوەیان نییە کە ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنە ناو کەمپەکەوە، لە بەرانبەردا بەشێک لە خوێندکاران گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا دژی بڕیارەکە.
لەمبارەوە د.ئاراس فەریق زەینەڵ بەتۆڕی هەواڵی سلێمانی ڕاگەیاند: ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی بڕیاریداوە جگەلە ئۆتۆمبێلی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕێگە نەدرێت، ھیچ ئۆتۆمبێلێکی دیکە بێتە ناو زانکۆی سلێمانیەوە.
وتیشی: لەماوەی کردنەوەی ئەم دووساڵەی کەمپی نوێی زانکۆی سلێمانی توشی کێشەی زۆربوینەتەوە بەتایبەتی لەڕووی ئەمنیەوە، بۆیە دەمانەوێت کەشێکی لەبار بۆ خوێندکاران دابین بکەین، زانکۆی سلێمانیش شوێنی نمایشکردنی ئۆتۆمبێل نییە، بەڵکو شوێنی خوێندن و پێگەیاندنی خوێندکارە بۆ کۆمەڵگە.
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا کە چارەسەریان بۆ کێشەی خوێندکاران داناوە، بەشێوەیەک لەھەردوو دەرگای سەرەکی زانکۆوە لەکاتژمێر ٨ی بەیانی بۆ٩:٣٠بەیانی ١٦پاس دانراوە خوێندکاران دەگوازنەوە بۆ بەشە ناوخۆییەکان و کۆلێژەکانیان، ھەروەھا نیوەڕوانیش لەکاتژمێر ١٢ بۆ ٢ی پاش نیوەڕۆ لەھەردوو دەرگای سەرەکی ٨پاس دانراوە بۆ گواستنەوەی خوێندکاران، جگە لەوەش لە کاتژمێر ٤ی عەسرەوە بۆ ٨ی شەو لەھەردوو دەرگاکەوە ٢ پاس دانراوە بەھەمان شێوە بۆ گواستنەوەی خوێندکارانە.
د.ئاراس زەینەڵ دەشڵێت: سێ پارکی ڕاوەستانی ئۆتۆمبێلمان دروست کردوە، کەجێگەی نزیکەی ٢ ھەزار ئۆتۆمبێلی تێدا دەبێتەوە تایبەتە بەڕاوەستانی ئۆتۆمبێلی خوێندکاران.
PM:01:56:10/11/2015