پارتی: کۆبوونەوەی رۆژی ١١/٢٢ نێوان پارتی‌و یەکێتی باسی هیچ لایەنێک نەکراوە

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دڵشاد شەهاب لەسەر کۆبوونەوەی ١١/٢٢ دەڵێت" ئێمە ئەوەندەی لە كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندی و كاری هاوبەشی پارتی و یەكێتیمان كردووە، ئەوەندە باسی هیچ لایەنێكمان نەكردووە، چونكە كۆبوونەوەی ئێمە، كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی بووە نەك كۆبوونەوە لەسەر بارودۆخی لایەنێكی دیكە".

دڵشاد شەهاب ئەندامی سەرکردایەتی پارتی بە ماڵپەڕی فەرمی حیزبەکەی راگەیاند" ئێمە ئەوەندەی لە كۆبوونەوەكەدا باسی پەیوەندی و كاری هاوبەشی پارتی و یەكێتیمان كردووە، ئەوەندە باسی هیچ لایەنێكمان نەكردووە، چونكە كۆبوونەوەی ئێمە، كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی بووە نەك كۆبوونەوە لەسەر بارودۆخی لایەنێكی دیكە، چونكە كۆبوونەوەكە ئەوەندە گرینگ بوو كە هەموو ئەو بابەتانەی تێیدا باس كران كە ئاماژەمان بۆ كردن، وەك ئاگاداریشن دوو رۆژە چەند شوێنێك گەشتەكانی خۆیانیان راگرتووە لەبەر ئەوەی دەڵێن، مووشەكی زلهێزەكان بە ئاسمانی كوردستاندا دەڕۆن، ئەگەر وڵات لە بارودۆخێكی وەهادا بێت و دوو هێزی كاریگەری وەكو پارتی و یەكێتی لە بەرانبەر ئەم هەموو مەترسییە دووسەرەیە كۆ ببنەوە، گرینگیی خۆی هەیە بە تایبەت كە ئەو دەرفەتانەی كە بۆمان هاتوونەتە پێشەوە پێویستە بیانقۆزینەوە و، ئامادەی گۆڕانكاریكردن لە نەخشەی سیاسی و جیۆگرافیی ناوچەكەدا بین، بۆیە هەم ئومێد هەم خەتەر لە بەردەم پاشەڕۆژی كوردستاندا ئەوەندە زەقە، كە وا دەخوازێت بە تایبەتی بەرپرسانی پارتی و یەكێتی، لە ئاستی ئەو پرسە گەورانەدا‌ یەكدەنگ بن كە هەموو لایەنەكانیش ئەوە دەزانن و، چاوەڕوانییشیان لەو دوو هێزە هەیە كە بگەنە ڕوئیایەكی هاوبەش بۆ مەترسی و دەستكەوتەكانیش لەم بارودۆخەدا".

ناوبراو دەڵێت" ئێستا ئێمە لە بەردەم دووڕێیانێكداین كە بڕیاری چارەنووسسازی تێدا دەدرێت، یەكیان كە هەموو لایەك دەزانن ئەم ناوچەیە بەرەو گۆڕانكارییەكی گەورە دەڕوات و بوركانێك لە ناوچەكەدا هەیە كە شەڕی دژەتیرۆر ڕووە دیارەكەیەتی، بەڵام كۆبوونەوەی ئەو هەموو هێز و بەرە جیاوازانەی كە لەو ناوچەیەدا دروست بوون و دروست دەبن، خۆی لە خۆیدا رەنگدانەوەی راستەوخوی بەسەر بارودۆخی هەرێمی كوردستانەوە دەبێت، ئەو پێشهاتانەی كە هاتوونەتە پێش بۆ گۆڕانكاری لە بارودۆخی نەتەوەیی ئێمە و پارچەكانی دیكەی كوردستانیش، دەرفەتێكی باش و لەبارن لە رووی سیاسی و بەرەوپێشچوونی سەربازی بە تایبەت لە رۆژئاوای كوردستان و باكووری كوردستانیش دەرفەتێكی لەبار هەیە بۆ ئەوەی گەلی كورد بە بەمافەكانی بگات، كە ئەوە بە بەرەوپێشچوونی گرینگ دەزانرێت".

پێوەست بەو گۆڕانكارییەی ناوچەكەش پێیدا تێپەڕ دەبێت، دڵشاد شەهاب، دەڵێت: "رەوشی سیاسیی بەغدا و ئەو سیستەمی حوكمڕانی و شێوازی بیركردنەوە و مامەڵەكردنیان لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، بارودۆخی ناوخۆی بە قەیرانێكی ئابووریی سەختدا برد و بژێویی ژیانی خەڵك بڕدرا، سەرباری ئەوانەیش ئەو بارودۆخەی كە ئێستا هەیە لە هەرێمی كوردستاندا، وا دەخوازێت كە بە هەر نرخێك و بە هەر شێوزاێك بێت، ئێمە خاڵێك لە شوێنێك دابنێین كە خاڵی گەییشتنە بە یەكگوتاری، چونكە هەموو ئەو ئەگەرانەی كە ئاماژەمان پێ دان، ئەگەری دووسەرەن، ئەگەر ئامادەییمان بۆیان هەبێت، دەتوانین هەموو ئەو گۆڕانكاریانە بە ئاڕاستەیەكدا بقۆزینەوە كە لە بەرژەوەندیی گەلی كوردستاندا بێت، خۆ ئەگەر ئامادەسازییشمان بۆی نەبێت و ئەو پەرتەوازەییە بەردەوامی هەبێت، ئەوا پێچەوانەكەی راستە".




PM:08:58:23/11/2015