"هەندێ هێز لەشەنگال بەرێنمایی حەشدی شەعبی دەجوڵێنەوە‌"


قاسم شەشۆ، فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە شنگال، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان وت: "هەندێك هێز، پاش ڕزگاركردنی شنگال هاتوونەتە ناو ئەو شارە و بینای فەرمانگە حكومییەكانیان داگیر كردووە و ئامادە نین‌ چۆڵیان بكەن، ئەو هێزانەیش لە وڵاتانی دیكەوە هاتوونە و دەیانەوێت ئیرادەی خۆیان بەسەر شنگالییەكاندا بسەپێنن، هۆكاری چۆڵنەكردنی بینای ئەو فەرمانگانەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، ئەوان دەیانەوێت دەست لە كاروباری ناوخۆی شنگال وەربدەن و بارودۆخی ناوچەكە ئاڵۆز بكەن".

وتیشی: "ئەوان بەپێی ڕێنماییەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچەكە دەجووڵێنەوە و مووچەكەیشیان لەلایەن ئەو هێزەوە دێت، بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەكە تێك بدەن، لەگەڵ ئەوەیشدا دەستی دەرەكییشیان لە ناودایە، دەبێت هەموو لایەنەكان پابەندی بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی ناوچەكە بن و، بە خۆشی چۆڵی بكەن، ئەگەرنا دەبێت بە ناخۆشی بچنە دەرەوە".

دەشڵێت: "ئێمە وەك كوردانی ئێزدی تەنیا یەك ئاڵا دەناسین، ئەویش ئاڵای كوردستانە و ئاڵای هەموو كوردستانیانە، هەروەها لە ژێر ئەو ئاڵایەیشدا‌ شنگال ڕزگار كراوە، بۆیە ڕێگە بە هیچ هێز و لایەنێك نادەین بێڕێزی بەرانبەر بە ئاڵای پیرۆزی كوردستان بكات".




PM:03:49:24/11/2015