پێنج گۆڕی بەكۆمەڵی بۆمبڕێژكراو لە شەنگال دەستنیشان كران

هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان 5 گۆڕی بەكۆمەڵیان لە شەنگال دەستنیشان كردوە كە لەلایەن داعشەوە بۆمبڕێژكراون.

جەمیل خزر، بەرپرسی رێكخستنەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شەنگال بە ماڵپەڕی (المسلە)ی راگەیاند: گۆڕی یەكەم لە ناوچەی سۆلاغە‌و تەرمی 76 ژن‌و منداڵ‌و گەنجی گوندی كۆجۆ لەخۆ دەگرێت. گۆڕی دووەمیش هەر لەو ناوچەیە كە 60 تەریم تێدایە. گۆڕی سێیەم ناوچەی "قلیا میركا"یە‌و 86 تەرمی تێیدایە. گۆڕی چوارەم لە باكوری رۆژئاوای شەنگالە‌و تا ئێستا ژمارەی تەرمەكانی ئاشكرا نەكراوە. دوا گۆری بەكۆمەڵ لەنزیك ناوچەی "تەل عۆزێر"ە كە 80 تەرمی كوردانی ئێزیدی تێدایە.

بەوتەی ناوبراو چەكدارانی داعش ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەیان بۆمبڕێژكروە‌و هێزەكانی پێشمەرگە چاوەڕوانی تیمی پۆچەڵكردنەوە تا پاش پوچەڵكردنەوە بۆمبەكان، تەرمەكان لەناو گۆڕەكان بهێننە دەرەوە.




PM:03:44:28/11/2015