یەکێتی: دەبێت ناحەزان ئەو خەونەیان ببەنە ناو قەبر کە ئێمەو گۆڕان پەیوەندیەکانمان تێکبچێت

ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەڵامی هەواڵێكی "رووداو" دەداتەوە كە لەزاری سەرچاوەیەكی خۆیەوە بزوتنەوەی گۆڕانی بە ئەسپی دۆڕاو ناوبردوە.

پاش ئەوەی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە بێ ئاشكراكردنی ناوەكەی بە تۆڕی میدیایی رووداوی وتبوو "دوای سەری ساڵ، گۆڕانکاری نوێ ڕوودەدات، لەو چوارچێوەیەشدا یەکێتی دوای گۆڕان ناکەوێت، چونکە گۆڕان ئەسپێکی دۆڕاوەو چیدی یەکێتی  خۆی ناکاتە ڕەھینەی گۆڕان و گۆڕانیش خواخوایەتی یەکێتی ئاوڕێکی لێبداتەوە".

لەوبارەیەوە سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەمیدیاكانی حیزبەكەی راگەیاند "ڕوداو ئەوەی بڵاوکردۆتەوە، لەبەرئەوە پێویستە ئەو دەزگایە سەرزەنشت بکرێت،  گەر ڕاستیشدەکەن با ناوی ئەو مەکتەب سیاسیەی یەکێتی بێنن کە ئەو لێدوانەی بۆداون".

وتیشی "یەکێتی لەگەڵ گۆڕان لەگفتوگۆدایە بۆ گەیشتن بەڕێکەوتننامەیەکی سیاسی نوێ، ھیچ ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیش قسەی واناکات و نەیکردوە، ئەوە لای ئەو دەزگایە دروستکراوە، تەنھا ئامانجیش تێکدانی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕانە".

سەعدی ئەحمەد پیرە باسی ھەوڵێکی تر رووداو دەكات‌و دەڵێت "ڕووداو لەھەوڵی یەکەمیدا، کاتژمێرێک پێش کۆبونەوەکەی نێوان یەکێتی و پارتی کە ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو ئەنجامیاندا دەستیکرد بەپڕوپاگەندە بەوەی کە یەکێتی داوای پۆست و پلەو پایەی کردووە".

وتیشی:"ھەر ھەمان ڕۆژ ئەوەمان بەدرۆخستەوە، ئەو دەزگایە لەو ھەوڵەی یەکەمی شکستیھێنا کە دەیویست گۆڕان بەگژی یەکێتیدا بکات، ئێستاش دەیەوێت یەکێتی بەگژ گۆڕاندا بکات".

سەعدی ئەحمەد پیرە کە ھاوکات ئەندامی وەفدی دانوستانکاری یەکێتیشە لەزۆربەی کۆبوونەوەکاندا ڕایگەیاند، "ڕووداو بۆ جاری دووەم ھەوڵێکی بێسود دەدات بەئامانجی تێکدانی پەیوەندیەکانی نێوان یەکێتی و گۆڕان، لەکاتێکدا گفتوگۆکان قۆناغی باشیان بڕیوەو پەیوەندی نێوان یەکێتی و گۆڕانیش ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو باشبون دەڕوات".

لەکۆتاییشدا ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وتی:"ئەوانەی کە ناحەزی ناوماڵی کوردی و لێکنزیکبونەوەی لایەنەکانن، دەبێت ئەو خەونەیان ببەنە ناو قەبر کە ئێمەو گۆڕان پەیوەندیەکانمان تێکبچێت".




PM:02:02:30/11/2015