پارتی بە فەرمی داوای دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان دەكات

ئەندامێكی سەركردایەتی پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە حیزبەكەی داوای لە گۆڕان كردووە، د.یوسف محەمەد دەست لە كار بكێشێتەوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی كە ناوی بڵاونەكراوەتەوە بە رووداوی وتووە: "یوسف محەممەد، دەبێ دەست لەكاركێشانەوەكەی بنووسێ و بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و كۆبوونەوەیەكی پەرلەمان بكرێ‌ و تێیدا دەست لەكاركێشانەوەكەی خۆی رابگەیەیەنێت".

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دەڵێت "پارتی بۆ چارەسەركردنی دۆخی سیاسی و مەسەلەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سێ بژارەیان خستووەتە بەردەم بزووتنەوەی گۆڕان: یەكەم، دەستبەرداری پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بن و دەستەیەكی نوێ بەبێ گۆڕان پێكدێ كە لە پارتی و یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی دەبێ، بەڵام پارتی لەگەڵ مانەوەی گۆڕان لە حكومەتدا كێشەی نییە".

 سەبارەت بە بژارەی دووەمیش وتی: "ئەگەر گۆڕان بژارەی یەكەم قبووڵ نەكات، دەبێ ببێتە ئۆپۆزیسیۆن، ئەگەر ئەویش قبووڵ نەكات ئەوا بژارەی سێیەممان هەیە، ئیدی بەرەو هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڕۆین و لە ماوەی شەش مانگدا هەڵبژاردن دەكەین".

هەروەها دەڵێت: "ئاماژەكان و ئەو كۆبوونەوانەی لەو ماوەیەدا كراون، پێدەچێ پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو، تەنانەت كۆمەڵی ئیسلامیش نەخشەیەكی نوێی سیاسی دابڕێژن".




PM:10:19:30/11/2015