پارتی داوا لە نەوشیروان مستەفا دەکات دەستبەرداری د.یوسف محەمەد بێت لەسەرۆکی پەرلەمان، ئەویش لای خۆیەوە ئەو داوایە رەتیدەکاتەوە.
رۆژنامەی ئاوێنە لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردەوە کە لە دەرەوەی وڵات، پارتی دیموکراتی کوردستان پەیوەندییان بە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان نەوشیروان مستەفاوە کردووەو بەفەرمی پێیان راگەیاندووە کە ئەوان وەک گۆڕان دەستبەرداری د. یوسف محەمەد ببن، تا بارودۆخ بگەڕێننەوە بۆ پێش ١٠/١٢ ، بەڵام نەوشیروان مستەفا رەتیکردۆتەوە.
رۆژنامەکە ناوی ئەو بەرپرسەو کاتی بینینەکەی بڵاونەکردۆتەوە کە لەلەندەن پەیوەندییان بە نەوشیروان مستەفاوە کردووە.
نزیکەی مانگ و نیوێک بەسەر رێگاگرتن لەسەرۆکی پەرلەمان و دەرکردنی وەزیرەکانی گۆڕاندا تێپەڕدەبێت، ئێستا پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە گۆڕان د. یوسف محەمەد بگۆڕێت و پەرلەمانتارێکی تر لە جێگای دابنێت، بەڵام گۆڕان ئەو داوایە رەتیدەکاتەوەو لابردنی ناوبراو بەهێلی سوور دەزانێت.