كەجەكە: توركیا لەنەینەوا مەترسی بۆ كورد دروستبكات وەڵاممان دەبێت

وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان سەبارەت بە هاتنی سێ فەوجی توركیا بۆ ناوخاكی عێراق دەڵێت: جێگیركردنی سوپای توركیا لەموسڵ مەترسی گەورە بۆ باشوری كوردستان‌و عێراق دروستدەكات‌و ئەگەر ببێتە مەترسی بۆ كورد، ئێمە وەڵامی توندمان دەبێت.

دەمهات عەگید، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) سەبارە هاتنی سێ فەوجی توركیا بۆ ناو خاكی عێراق بە سپی راگەیاند:هاتنی ئەو هێزە پێشێلكردنی سەروەریی خاكی عێراقە و پێویستە بە زووترین كات حكومەتی مەركەزی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ئاگاداربكرێنەوە.

بەوتەی عەگید "مەبەستی سەرەكی توركیا دروستكردنی ناوچەیەكی هاوشێوەی بامەڕنی و شیلادزێیە و دەوێت موسڵ بەناوی پاراستنی توركمانەكان پارچە پارچە بكات، هەروەها بارودۆخێكی وەها دروست بكات كە كورد لە بەرامبەری یەكتربن ، ئەگەر بگەرێینەوە بۆ رابردو  دەیان ساڵە بە بێ‌ هۆكار هێزێكی پڕ چەك و فراوان لە بامەڕنی هەیە و بەرنامەی جێهێشتنی ئەو شوێنانەیان نییە، بەڵكو تا دێت زیاتر فراوا دەبن، لەحاڵی جێگیر بوونی ئەو هێزە لە موسڵ بە هیچ شێوەیەك چۆلی ناكەن و مەترسی گەورە بۆ باشوری كوردستان و عێراق دروست دەكەن".

 وتیشی: هاتنی ئەو هێزەی سوپای توركیا بۆ موسڵ ئەگەر لەسەر داوای حكومتی هەرێمیش بێت دوور لە یاسایە‌و، هەلێكە‌و توركیا دەیەوێت زیاتر بەناوی پاراستنی توركمانەكان خۆی لە عێراق جێگیر بكات و دەستێوەردان لەكاروباری عێراق بكات.

دەمهات عەگید ئاماژەی بەوەشدا كە ئەو هەوڵەی توركیا داگیركارییە لەسەر خاكی باشوری كوردستان‌و عێراق‌و بەدەر لەوەش ئەكرێت لەدژی پەكەكەو یەپەگە بێت كە نەتوانێت بەشداری ئۆپەراسیۆنی رزگار كردنی موصڵ بكەن".

لەكۆتایدا وتەبێژی كەجەكە دەڵێت" ئەو پرسە مەسەلەیەكی ستراتیژی و تاكتیكە و درێژەخایەنە پێویستە هەركەس و لایەنێك بە بەرپرسیاریەتیەوە لێی بروانێت ، بەڵام لە هەركاتێكدا ئەوان بونە مەترسی بۆسەر كورد ئێمە وڵامی توندمان دەبێت."
 




PM:01:10:05/12/2015