پۆلیتەکنیکی سلێمانی مامەڵەی خوێندکارانی وەرگیراو دەستپێدەکات

 بەڕێوبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە مامەڵەی دەستبەکاربوونی خوێندکارانی وەرگیراو لە کۆلێژ و پەیمانگاکان لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو واتا ڕۆژی یەک شەممە 13ـی مانگەوە دەست پێدەکات و گواستنەوە و دابەزاندنی بەشەکانیش دەبێت دوای دەستبەکاربونی خویندکار و تەواوکردنی مامەڵەکانیان ئەنجامبدرێت. 

مامۆستا بەختیار شەریف ، بەڕێوبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی بە ماڵپەڕی (سپی میدیا )ـی ڕاگەیاند:" کۆتایی ئەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەبێت خوێندکارانی وەرگیراو پەیوەندی بکەن بەو کۆلێژ و پەیمانگاکانەوە بەمەبەستی ئەنجامدانی مامەڵە و ئیش وکارەکانیان ." 

سەبارەت بەو خوێندکارانەی کە بەهۆی کەمی هەڵبژاردنی لە فۆرمی زانکۆلاین یاخود بەهۆی هەڵەکردن لە پڕکردنەوەی فۆرمەکان ناویان نەهاتۆتەوە ، بەڕێوبەری تۆماری گشتی زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وتی:" ئەو ژمارە خوێندکارەی کە بەهۆی بوونی هەڵە لە فۆرمەکانیان ناویان نەهاتۆتەوە ، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەزارەت ناوەکانیان ئاشکرا دەکات ." هاوکات ئەوەشی وت کە ئەو ئەو خوێندکارانی کە دابەزاندن دەکەن لەو بەشانەی کەناویان هاتۆتەوە ،دەتوانن پاش ئەوەی دۆسێی خوێندکارییان بۆ دەکرێتەوە دابەزاندن ئەنجامبدەن. سەبارەت بە پلانی ڕێژە و ژمارەی ئەو خویندکارانی کە لە کۆلێژ و پەیمانگاکانی سەربە زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی وەرگیراون ، بەڕێوبەری تۆماری گشتی زانکۆکە وتی:"ژمارەی ئەو خوێندکارانەی کە تائێستا وەرگیراون جگە لە دەرچوانی پیشەیی و ئەوانەی کە کێشە لە ناوهاتنەوەیان هەیە ، تا ئێستا 3812 خویندکار وەرگیراوە بەجۆرێک 3070 خوێندکار لە پەیمانگاکان و 438 خوێندکار لە کۆلێژەکان و 221 بەسیستمی پۆلیتەکنیک و 83 خوێندکاری یەکەمی پەیمانگاکان لە کۆلێژەکان وەرگیراوەتەوە . 

وتیشی: ڕێژەی وەرگیراوان لە 150٪ زیاترە لە پلانی زانکۆ بۆ وەرگرتنی خوێندکاران.

ئا: محەمەد ڕەحیم کەریم




PM:08:59:08/12/2015